بەشی ١٤

1 ڕۆژێکی شەبات بۆ خواردن چووە ماڵی یەکێک لە سەرۆک فەریسییەکان، چاویان لە سەری بوو. 2 لەبەردەمیدا کەسێک بوو کە تووشی نەخۆشی سی وشکە بوو. 3 یەشوا ڕووی لە زانایانی تەوارت و فەریسییەکان کرد و لێی پرسین: «ئایا لە ڕۆژی شەباتدا چاککردنەوە هەیە، یان نا؟» 4 بەڵام بێدەنگ بوون. نەخۆشەکەی چاک کردەوە و ڕەوانەی کرد. 5 دیسان گەڕایەوە لێی پرسین: «کام لە ئێوە ئەگەر گوێدرێژ یان گایەک لە ڕۆژی شەباتدا بکەوێتە ناو بیرێکەوە، دەری ناهێنێتەوە؟» 6 نەیانتوانی لەم بارەیەوە وەڵامی بدەنەوە. 7 نموونەیەکی بۆ بانگهێشتکراوەکان هێنایەوە، دوای ئەوەی تێبینی ئەوەی کرد کە چۆن لای سەرەوەیان هەڵبژاردووە بۆ دانیشتن، پێی فەرموون: 8 «کاتێک کەسێک بانگهێشتتان دەکات بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری، ریزی پێشەوە مەگرن، ڕەنگە کەسێکی پلە باڵاتر لە تۆی بانگهێشت کردبێ، 9 بۆیە ئەوەی هەردووکتانی بانگهێشت کردووە دێت و پێت دەڵێت: شوێنەکە بدە بەم پیاوە! و ناچار بە شەرمەزارییەوە دەکشێیتەوە بۆ ئەوەی بچیتە شوێنی دواوە. 10 بەڵام، کاتێک بانگهێشت دەکرێیت، بڕۆ و لە دواوە دانیشە،تا کاتێک ئەو کەسەی بانگهێشتی کردوویت، پێت دەڵێت: هاوڕێم! هەستە وەرە پێشەوە دانیشە! ئەو کاتە رێزت زیاتر دەبێت لەبەردەم ئەو کەسانەی کە لەگەڵتدا دانیشتوون. 11 چونکە هەرکەسێک خۆی بەرز بکاتەوە، نزم دەبێتەوە، هەرکەسێک خۆی بچووک بکاتەوە، بەرز دەکرێتەوە». 12 هەروەها بەو کەسەی کە بانگهێشتی کردووە فەرمووی: کاتێک خوانی نیوەڕۆ یان ئێوارە پێشکەش دەکەیت، هاوڕێ و برا و خزم و دراوسێ دەوڵەمەندەکانت، بانگهێشت مەکە تاکوو ئەوانیش لە بەرامبەردا بانگهێشتت بکەنەوە، و پاداشتت بدەنەوە. 13 کاتێک خوانێک رێکدەخەیت، بانگهێشتی هەژاران و شەل و پەککەوتە و نابینایان بکە؛ 14 ئەوکاتە تۆ بەرەکەتدار دەبیت، چونکە هیچیان نییە پاداشتت بدەنەوە، لە کاتی هەستانەوەی ڕاستودرووستاندا پاداشتت دەدرێتەوە». 15 یەک لە دانیشتووان کە ئەم قسانەی بیست، پێی گوت: «خۆزگە بە ئەوانەی لە شانشینی خودا نان دەخۆن!» 16 پێی فەرموو: «مرۆڤێک ئێوارەخوانێکی گەورەی سازکرد، و زۆر کەسی بانگهێشت کرد. 17 پاشان لە کاتی نانخواردنی ئێوارەدا خزمەتکارەکەی نارد تا بە بانگهێشتکراوەکان بڵێ: وەرن، چونکە هەموو شتێک ئامادەیە! 18 هەمووان یەک بە یەک داوای لێبوردنیان کرد. یەکەمیان پێی گوت: من کێڵگەیەکم کڕیوە، دەبێت بچم بیبینم، تکایە لێم ببورە! 19 کەسێکی تر گوتی: پێنج جووت مانگام کڕیوە، بڕیارە تاقییان بکەمەوە، داوای لێبوردن دەکەم! 20 یەکێکی تر گوتی: ژنم هێناوە، بۆیە ناتوانم ئامادە بم! 21 خزمەتکارەکە گەڕایەوە و گەورەکەی ئاگادار کردەوە. پاشان خاوەن ماڵەکە تووڕە بوو و بە خزمەتکارەکەی گوت: خێرا بچۆرە دەرەوە بۆ شەقام و کۆڵانەکانی شار، هەژاران و شەل و پەککەوتە و نابینایان بهێنە. 22 (کە گەڕایەوە) خزمەتکارەکە گوتی: گەورەم، ئەوەی فەرمانت پێکردبووم جێبەجێ کرا، هێشتا شوێن ماوە. 23 گەورەکە بە خزمەتکارەکەی گوت: بڕۆ دەرەوە بۆ شەقام و گۆڕەپانەکان، خەڵک ناچار بکە بێنە ژوورەوە تا ماڵەکەم پڕ بێت، 24 چونکە پێت دەڵێم: هیچ کام لەوانەی بانگهێشتکراون تامی ئێوارەخوانەکەم ناکەن!» 25 جەماوەرێکی زۆر لەگەڵیدا دەڕۆیشتن، ئاوڕی دایەوە و پێی گوتن: 26 «ئەگەر کەسێک بێتە لام، و ڕقی لە باوک و دایکی و ژنەکەی و منداڵەکانی و براکانی و خوشکەکانی، و تەنانەت رقی لە خۆیشی نەبێت، ئەوا ناتوانێت ببێتە قوتابی من. 27 هەرکەسێک خاچەکەی هەڵنەگرێت و شوێنم نەکەوێت، ناتوانێت قوتابی من بێت. 28 کام لە ئێوە کە حەز لە دروستکردنی خانووەیەک دەکات، سەرەتا دانانیشێت و تێچووی ناخەمڵێنێت تا بزانێت ئایا بەشی تەواوکردنەکەی هەیە؟ 29 نەوەک بناغەکەی بۆ دابنێت و توانای تەواوکردنی نەبێت. ئایا هەموو ئەوانەی دەیبینن گاڵتەی پێناکەن. 30 نالێن: ئەم مرۆڤە دەستی کرد بە دروست کردنی بیناکەی و نەیتوانی تەواوی بکات؟ 31 یان چ پاشایەک بڕیاری شەڕ لەگەڵ پاشایەکی تردا دەدات، ئەگەر سەرەتا دانەنیشێت و ڕاوێژ نەکات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا دەتوانێت بە دە هەزار کەس بەرەوڕووی ئەو ببێتەوە کە بیست هەزاری لەگەڵە. 32 ئەگەر نا کاتێک، دوژمن هێشتا دوورە، شاندێکی بۆ دەنێرێ، پرسیار دەکا کە بەچی ئاشتی دەستەبەر دەبێت. 33 هەربەم شێوە، هەر یەکێک لە ئێوە کە واز لە هەموو ئەو شتانە نەهێنێ کە هەیەتی، ناتوانێت ببێتە قوتابی من. 34 خوێ باشە. بەڵام ئەگەر خوێ تامی خۆی لەدەست بدا چۆن سوێرییەکەی بۆ دەگەڕێتەوە؟ 35 چیتربۆ خاک و پیتاندن ناگونجێت، بۆیە فڕێ دەدرێتە دەرەوە. با ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیسێت!»