بەشی ١٣

1 لە هەمان کاتدا چەن کەسێک هاتن و باسی خەڵکی گەلیلییان بۆ کرد کە پیلاتۆس کوشتبوونی خوێنیانی تێکەڵ بە خوێنی قوربانییەکان کردبوو. 2 وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «ئایا پێتان وایە ئەم گەلیلیانە گوناهبارتر بوون لە گەلیلییەکانی دیکە، کە تووشی ئەم چارەنووسە بوون؟ 3 پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵام ئەگەر پاشگەز نەبنەوە هەمووتان بە هەمان شێوە لەناو دەچن! 4 یان پێتان وایە ئەو هەژدە کەسەی کە تاوەری شیلۆئا بەسەریاندا ڕووخا و کوژران، لە هەموو دانیشتووانی یورشەلایم گوناهبارتر بوون؟ 5 پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵام ئەگەر پاشگەز نەبنەوە، هەمووتان بە هەمان شێوە لەناو دەچن! 6 پاشان ئەم نموونەی بۆ هێنانەوە: «کەسێک دار هەنجیرێکی لە باخی ترێیەکەیدا چاندبوو. هات بۆ بەروبوومەکەی، بەڵام هیچی نەدۆزیەوە. 7 بە جووتیارەکەی گوت: ئەمە سێ ساڵە، من بۆ میوە دێمە لای ئەم دار هەنجیرە و هیچم دەست ناکەوێت: بیبڕەوە، بۆچی وازی لێ ناهێنی، زەوی پێداگیر دەکەیت؟ 8 بەڵام جووتیارەکە وەڵامی دایەوە و گوتی: گەورەم ئەمساڵ با بڕوات، بنکۆڵی دەکەم و پەینی دەخەمە ژێر. 9 بەڵکوو بەرهەم بگرێت! ئەگەرنا، دەیبڕمەوە!» 10 لە یەکێک لە شەباتەکاندا لە کەنیشتەکان وانەی دەگوتەوە. 11 ژنێک هەبوو گیرۆدەی گیانێکی پیس بوو بۆ ماوەی هەژدە ساڵ نەخۆشی خستبوو. پشتی کۆم بوو و نەیدەتوانی رێک بێتەوە. 12 کاتێک یەشوا بینی، بانگی کرد و پێی فەرموو: «خاتوون، تۆ لە نەخۆشیەکەت ڕزگار بوویت!» 13 دەستی خستە سەری، رێک بۆوە و شکۆمەندی خودای راگەیاند! 14 بەڵام پێشەوای کەنیشتەکە تووڕە بوو، چونکە یەشوا لە شەباتدا چاکی کردبۆوە، بە خەڵکەکەی گوت: «شەش ڕۆژ لە هەفتەیەکدا هەیە بۆ کار کردن. وەرن لەو ڕۆژانە چاک ببنەوە، نەک لە ڕۆژی شەباتدا!» 15 پەروەردگار وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی دووڕووەکان! ئایا هەر یەکێک لە ئێوە ڕۆژی شەبات گا یان کەرەکەی لە ئاخوڕەکە ناکاتەوە و نایبا ئاوی بدات! 16 سەبارەت بەم ژنەش، کچی ئاڤراهام بوو، شەیتان بۆ ماوەی هەژدە ساڵ بەستبوویەوە، نەدەبوو لە ڕۆژی شەباتدا لەم بەندە ئازاد بکرێت؟» 17 کاتێک ئەمەی فەرموو، هەموو نەیارەکانی شەرمەزار بوون و جەماوەرەکەش دڵخۆش بوون بەو هەموو کارە شکۆمەندانەی کە کردوویەتی. 18 پەروەردگار فەرمووی: «شانشینی خودا چۆنە؟ بە چی بەراوردی بکەم؟ 19 وەک تۆوی خەردەلێک وایە کە مرۆڤێک بردی و لە باخەکەی خۆیدا چاندی، گەشەی کرد، بوو بە دارێکی گەورە و باڵندەی ئاسمان هێلانەیان تێدا دروست کرد». 20 هەروەها فەرمووی : «شانشینی خودا بە چی بەراورد بکەم؟ 21 وەک هەویرترشێک وایە کە ژنێک وەریگرت و تێکەڵی سێ پێوانە ئاردی کرد تا هەموو هەویرەکە هەڵبێت!» 22 لە ڕێگای یورشەلایم بە شار و گوندەکاندا تێدەپەڕی و فێرکاری دەکرد. 23 کەسێک لێی پرسی: «گەورەم، چەند کەمن ئەوانەی ڕزگاریان دەبێت؟» بەڵام بە هەمووانی فەرموو: 24 «هەوڵبدەن لە دەرگا تەنگەکەوە بچنە ژوورەوە، پێتان دەڵێم چونکە زۆر کەس، بەدوای چوونە ژوورەوەدا دەگەڕێن، بەڵام ناتوانن. 25 پاشان دوای ئەوەی خاوەن ماڵەکە هەستا و دەرگاکەی داخست، لە دەرەوە دەوەستن و لە دەرگاکە دەدەن و دەڵێن: پەروەردگار، دەرگامان لە سەر بکەرەوە! وەڵامتان دەداتەوە و دەڵێت: نازانم خەڵکی کوێن! 26 پاشان دەڵێن: ئێمە بە ئامادەبوونی تۆ خواردمان و خواردمانەوە، تۆش لە شەقامەکانماندا فێرت دەکردین! 27 ئەویش دەڵێت: پێتان دەڵێم، نازانم ئێوە خەڵکی کوێن؛ لاچن لە بەردەمم، هەموو ئێوە ئەی خراپەکاران! 28 کاتێک ئەڤراهام و یتساخ و یاکۆڤ و هەموو پێغەمبەرەکان لە شانشینی خودا دەبینن و ئێوە فڕێدراونەتە دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت. 29 خەڵک لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و لە باکوور و باشوورەوە دێن و لە شانشینی خودا دادەنیشن. 30 پاشان دواهەمینەکان یەکەم دەبن و یەکەمینەکان دواهەمین». 31 هەر لەوکاتەدا هەندێک لە فەریسییەکان لێی چوونە پێش و پێیان گوت: «خۆت ڕزگار بکە! لێرە هەڵێ، چونکە هیرۆد بەنیازە بتکوژێت.» 32 پێی فەرموون: «بڕۆن بەم ڕێوییە بڵێن: سەیرکە من خێوەکان دەردەکەم و ئەمڕۆ و سبەی نەخۆشەکان چاک دەکەمەوە.» لە ڕۆژی سێهەمدا هەموو شتێک تەواو دەبێت. 33 بەڵام دەبێت ئەمڕۆ و سبەی و ڕۆژی دوای ئەوە ڕێگاکەم تەواو بکەم، چونکە هیچ پێغەمبەرێک لەناو ناچێت تەنها لە یورشەلایم نەبێت! 34 ئەی یورشەلایم، ئەی یورشەلایم، بکوژی پێغەمبەران و بەردەبارانکەری نێردراوان. چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە وەک چۆن مریشکێک جووجکەکانی لە ژێر باڵەکانیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام تۆ نەتویست! سەیرکە، 35 ئەوەتا ماڵەکەت بە کەلاوەیی بۆت بەجێماوە! پێت دەڵێم: من نابینیت، تا ئەو کاتەی کە دەڵێیت: پیرۆزە ئەو کەسەی بەناوی پەروەردگارەوە دێت!»