بەشی ١٢

1 لەم نێوەندەدا، کاتێک دەیان هەزار کەس کۆبوونەوە وپێیان لە یەک دەنا، سەرەتا بە قووتابییەکانی فەرموو: «خۆتان بپارێزن لە هەویرترشی فەریسییەکان چونکە دووڕووییە! 2 شاراوەیەک نییە ئاشکرا نەبێت، و نهێنیەک نییە کە دەرنەکەوێت. 3 بۆیە هەرچییەک لە تاریکیدا دەیڵێی لە ڕووناکیدا دەبیسترێت، و ئەوەی لە ژوورەکاندا بە چرپە دەیڵێن لەسەر بانی ماڵەکان ڕادەگەیەندرێت. 4 پێتان دەڵێم خۆشەویستانم: لەو کەسانە مەترسن کە جەستە دەکوژن و ناتوانن لەوە زیاتر ئەنجام بدەن. 5 بەڵام من پیشانتان دەدەم لە کێ بترسن: لەوە بترسن کە توانای ئەوەی هەیە دوای کوشتن فڕێ بداتە ناو دۆزەخەوە. بەڵێ، پێتان دەڵێم لەمە بترسە! 6 ئایا پێنج چۆلەکە بە دوو دراو نافرۆشرێن؟ لەگەڵ ئەوەشدا خودا تەنانەت یەکێکیان لەبیر ناکات. 7 بەڕاستی مووی سەرتان هەمووی ژمارە کراون. کەواتە مەترسن، چونکە ئێوە لە چۆلەکەکان بەنرخترن! 8 بەڵام من پێتان دەڵێم: هەرکەسێک لەبەردەم مرۆڤەکاندا دان بە مندا بنێت، ڕۆڵەی مرۆڤیش لەبەردەم فریشتەکانی خودا دان بەودا دەنێت. 9 هەرکەسێک لەبەردەم خەڵکدا نکۆڵی لە من بکات، لەبەردەم فریشتەکانی خودا نکۆڵی لێ دەکرێت. 10 هەرکەسێک قسەیەک دژی ڕۆڵەی مرۆڤ بکات، دەبەخشرێت. بەڵام ئەوەی بێڕێزی بە گیانی پیرۆز بکات، نابەخشرێت! 11 کاتێک دەچنە بەردەم کەنیشتە و فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداران، دڵەڕاوکێتان نەبێ کە چۆن و چی بڵێن و چی نەڵێن! 12 چونکە گیانی پیرۆز هەر لەو کاتەدا پێتان دەڵێت کە دەبێت چی بڵێن». 13 یەکێک لە ناو جەماوەرەکە پێی گوت: «مامۆستا، بە براکەم بڵێ میراتەکەم لەگەڵدا دابەش بکات!» 14 فەرمووی: «ئەی مرۆڤ، کێ منی وەک دادوەر یان دابەشکەر بەسەر تۆدا داناوە؟» 15 بە جەماوەرەکەی فەرموو: «خۆتان لە چاوچنۆکی بپارێزن. چونکە ژیانی مرۆڤ لە زۆریی ئەو شتانەدا نییە کە خاوەنیەتی». 16 نموونەیەکی بۆ هێنانەوە، فەرمووی «زەوی دەوڵەمەندێک زۆر بەرهەمی هێنا، 17 لە دڵی خۆیدا بیری کردەوە و گوتی: «چی بکەم، چونکە هیچ شوێنێکم نییە بەرهەمەکانمی لێ کۆ بکمەوە؟ 18 گوتی: ئەمە دەکەم: کۆگاکانم دەڕوخێنم و کۆگای گەورەتر درووست دەکەم. لەوێش هەموو بەرهەم و داراییە باشەکانم کۆدەکەمەوە. 19 جا لەدڵی خۆمدا بە خۆم دەڵێم، تۆ کاڵایەکی زۆرت هەیە کە بۆ چەندین ساڵ کۆکراوەتەوە، ئارام بگرە و بخۆ و بخۆرەوە و دڵخۆش بە! 20 بەڵام خودا پێی فەرموو: ئەی گێل، ئەمشەو گیانت دەردەچێت، کەواتە بۆ کێ دەمێنێتەوە ئەوەی ئامادەت کردووە؟ 21 ئەمە دۆخی ئەو کەسانەیە کە گەنجینەکان بۆ خۆیان کۆدەکەنەوە و لای خودا ساماندار نین!» 22 پاشان بە قوتابییەکانی گوت: «بەم هۆیە پێتان دەڵێم: خەمی ئەوەتان نەبێت لە ژیانتان چی بخۆن، و جەستەتان بە چی دابپۆشن، 23 ژیان زیاترە لە خواردن، جەستەش زیاترە لە پۆشاک. 24 سەیری قەلەڕەشەکان بکەن! نە دەچێنن و نە دروێنە دەکەن و نە کۆ دەکەنەوە، بەڵام خودا بژێویان بۆ دابین دەکات. ئەی ئێوە چەند لە باڵندە بەنرخترن. 25 بەڵام کام لە ئێوە بە دڵەڕاوکێ دەتوانێت تەمەنی تەنانەت یەک کاتژمێر درێژ بکاتەوە؟ 26 تا ئەو کاتەی تەنانەت دەسەڵاتی بچووکترین شتەکانیشتان نییە، بۆچی گرنگی بە شتیتر دەدەن؟ 27 سەیری سۆسنەکان بکەن، چۆن گەشە دەکەن! نە رەنج دەکێشن و نە هەوڵی بۆ دەدەن، بەڵام پێتان دەڵێم: ئایا تەنانەت شلۆمۆش لە بەرزترین ئاستی شکۆمەندی خۆی هاوتای شکۆمەندی تاکە یەکێکیانی بەدەست هێنا؟ 28 ئەگەر خودا پۆشاکێکی بەم شێوەیە بدات بە گژوگیا، هەرچەندە ئەمڕۆ لە کێڵگەدایە و سبەی فڕێ دەدرێتە ناو تەنوورەوە، چەند لە گژوگیاکان شایستەترن(کە خودا پۆشتەتان بکات) ئەی کەم باوەڕینە؟ 29 کەواتە هەوڵ مەدەن بۆ ئەوەی چی بخۆن و بخۆنەوە، و دڵەڕاوکێتان نەبێ. 30 چونکە گەلانی جیهان بەدوای هەموو ئەم پێداویستیانەدا دەگەڕێن، باوکتان دەزانێت کە ئێوە پێویستیتان بەمانە هەیە. 31 بەڵام بەدوای شانشینی ئەودا بگەڕێن، هەموو ئەمانەتان بۆ زیاد دەکرێت. 32 مەترسن، ئەی مەڕە بچووکەکان، چونکە باوکتان پێی خۆشە شانشینیتان پێ ببەخشێت. 33 ئەوەی هەتانە بیفرۆشن و بیدەن بە هەژاران، گەنجینەیەک بۆ خۆتان ئامادە بکەن کە لەناو نەچێت، گەنجینەیەک لە ئاسمانەکاندا کە لە ناو ناچێت، دز لێی نزیک نابێتەوە، ومۆرانە لێی نادات. 34 چونکە گەنجینەکەتان لە کوێ بێت، دڵیشتان لەوێ دەبێت. 35 با پشتێنتان بەستراو بێت و چراتان داگیرساو بێ، 36 ئێوەش وەک ئەو کەسانە بن کە چاوەڕێی گەورەکەیان دەکەن کاتێک لە ئاهەنگی هاوسەرگیری دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کاتێک گەیشت و لە دەرکەی دا، دەستبەجێ بۆی بکەنەوە. 37 خۆزگە بەو خزمەتکارانەی کە گەورەکەیان لە گەڕانەوەیدا چاوی پێیان دەکەوێ کە چاوەڕێین. ڕاستیتان پێ دەڵێم: پشتێنەکەی دەبەستێ و لە سەر خوان دایاندەنیشێنێ و خزمەتیان دەکات. 38 خۆزگە بەوانەی کاتێک لە چارەکی دووهەم یان سێهەمی شەودا دەگەڕێتەوە و لەو دۆخەدا دەیانبینێت. 39 بەڵام ئەمە بزانن: ئەگەر خاوەن ماڵەکە بزانێت لە چ کاتژمێرێکدا دزەکە دەچێتە ژوورەوە، ئەوا بەخەبەر دەمایەوە و نەیدەهێشت ماڵەکەی ببڕن. 40 بۆیە ئامادە بن، چونکە ڕۆڵەی مرۆڤ لە کاتێکدا دەگەڕێتەوە کە چاوەڕێی ناکەن». 41 پەترۆ لێی پرسی: «پەروەردگار، ئایا تۆ ئەم نموونە بۆ ئێمە دەڵێیت یان بۆ هەمووان بە یەکسانی؟» 42 پەروەردگار فەرمووی: «کەواتە کێیە بەڕێوەبەرێکی دڵسۆز و ژیر، کە گەورەکەی دەیکاتە بەرپرس لە سەر ماڵ و خێزانی بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا خواردنیان بۆ دابین بکات؟» 43 خۆزگە بەو خزمەتکارەی کە کاتێک گەورەکەی دەگەڕێتەوە، دەیبینێت ئەم کارە دەکات. 44 ڕاستیتان پێدەڵێم، ئەو دەیکاتە سەرپەرشتی هەموو ماڵ و سامانی خۆی. 45 بەڵام ئەگەر ئەو بەندەیە لە دڵی خۆیدا بڵێ: گەورەکەم لە گەڕانەوەیدا دوا دەکەوێت؛ دەست بکات بە لێدان لە خزمەتکارە کچ و کوڕەکان و بخوات و بخواتەوە و سەرخۆش بێ، 46 ئەوا کاتێ گەورەکەی لە ڕۆژێکدا دەگەڕێتەوە کە چاوەڕێی نەدەکرد، و لە کاتێکدا کە نایزانێت، ئەوە جیای دەکاتەوە و چارەنووسی لەگەڵ ناپاکەکاندا دەبێت. 47 وە ئەو خزمەتکارەی کە مەبەستەکەی ئاغای خۆی زانیوە و خۆی ئامادە نەکردووە و ئەوەی گەورەکەی ویستویەتی نەیکردووە، بە توندی لێی دەدرێت. 48 بەڵام ئەوەی نەیزانێت و ئەوە بکات کە شایەنی لێدانە، کەمتری لێ دەدرێت. چونکە هەرکەسێک زۆری پێ بدرێت، زۆری لێ دەخوازرێت؛ وە هەرکەسێک زۆرتری پێسپێردراوە، داوای زیاتری لێدەکرێت. 49 من هاتووم ئاگر بەردەم لە زەوی، و خۆزگە پێشتر ئاگری تێبەردرابا؟ 50 بەڵام لە ئاوهەڵکشانێک هەیە کە دەبێت پێی لە ئاوهەڵکێشرێم و تا کاتێ بە تەواوی بەدی دێت زۆر دڵتەنگم! 51 پێتان وایە من هاتووم بۆ ئەوەی ئاشتی بۆ سەر زەوی بهێنم؟ پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵکو زیاتر بۆ لێکترازان هاتووم، 52 لەمەودوا پێنج کەس لە ماڵێکدا دەبن و دابەش دەبن: سێیان دژ بە دووان، دووان دژ بە سێیان 53 باوک دژ بە کوڕەکەی، کوڕیش دژ بە باوکی، دایک لە دژی کچەکەی، کچ لە دژی دایکی، و خەسوو دژ بە بووکەکەی، بووکەکەش دژ بە خەسووی!» 54 بە جەماوەرەکەی فەرموو: کاتێک هەورێک دەبینن لە ڕۆژئاواوە دێت، دەڵێن ئێستا: باران دەبارێت. هەروا دەبێت. 55 کاتێک بای باشوور هەڵدەکات، دەڵێن: گەرم دادێت! هەروا دەبێت. 56 ئەی دووڕووان! ئێوە دەزانن چۆن دیمەنی زەوی و ئاسمان لێک جیا بکەنەەوە، کەواتە چۆن لەم سەردەمە تێناگەن؟ 57 بۆچی تێناگەن کە چی لەبارەی خۆتانەوە ڕاستە؟ 58 بۆیە لەکاتێکدا لەگەڵ نەیارەکەت دەڕۆیت بۆ دادگا، هەموو هەوڵێک بدە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا ئاشت ببیتەوە، نەک ڕادەستی دادوەرت بکات، چونکە دادوەر ڕادەستی پاسەوانت دەکات، پاسەوانیش دەتخاتە زیندانەوە. 59 پێت دەڵێم، تا دوا فلس قەرزەکانت نەدەیتەوە ئازاد نابیت!»