بەشی ١١

1 لە یەکێک لە شوێنەکان نزای دەکرد، کاتێک تەواو بوو، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «پەروەردگار، فێرمان بکە نزا بکەین وەک چۆن یۆخەنان فێری قوتابییەکانی خۆی کرد». 2 فەرمووی: «کاتێک نزا دەکەن، بڵێن: باوکمان کە لە ئاسمانەکانیت! پیرۆز بێت ناوت، شانشینکەت با بێت. با ویستی تۆ وەک لە ئاسمانەکانە هەروەها لەسەر زەویش جێبەجێ بکرێت. 3 بژێوی پێویستی هەموو ڕۆژێکمان پێ بدە؛ 4 لە گوناهەکانمان خۆشبە، وەک چۆن ئێمەش لەوانە خۆش دەبین کە تاوانمان بەرانبەر دەکەن؛ مەمانخەرە ناو تاقیکردنەوە بەڵکو لە خراپەکار ڕزگارمان بکە!» 5 پاشان پێی فەرموون: «کێ لە ئێوە هاوڕێیەکی هەیە، لە نیوەی شەودا دەچێتە لای و پێی دەڵێت: هاوڕێ، سێ نانم بە قەرز پێبدە، 6 هاوڕێیەکم لە سەفەرەوە هاتۆتە لام، هیچم نییە بۆ ئەوەی لە پێشی دانێم! 7 بەڵام هاوڕێکەی لە ژوورەوە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: بێزارم مەکە! دەرگاکەم داخستووە، ئێستا من و منداڵەکانم لە ناو جێداین. ناتوانم هەستم و نانت پێبدەم! 8 پێتان دەڵێم دەبێت هەستێتەوە و چەندی پێویستە پێی بدات، چونکە پێداگری لەسەر داواکەی کرد. 9 پێتان دەڵێم: داوا بکەن، پێتان دەدرێت. بگەڕێن، دەدۆزنەوە؛ لەدەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە: چونکە هەرکەسێک داوا دەکات وەردەگرێت، 10 ئەوەی دەگەڕێت دەدۆزێتەوە و ئەوەی لە دەرگا دەدات، لێی دەکرێتەوە. 11 چ باوکێک لە ئێوە ئەگەر کوڕەکەی داوای نانی لێ بکات بەردێکی پێدەدات؟ یان ئەگەر داوای ماسی بکات لەبری ماسی مارێکی پێدەدات؟ 12 یان ئەگەر داوای هێلکە بکات، دووپشکێکی پێ دەدات؟ 13 جا ئەگەر ئێوەی خراپەکار بزانن چۆن شتێکی باش بدەن بە منداڵەکانتان، چەندە زیاتر باوک، کە لە ئاسمانە گیانی پیرۆز دەدات بەو کەسانەی داوای دەکەن؟» 14 خێوێک بوو کە ( پیاوێکی) ڵاڵ کردبوو. کاتێک خێوەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد. بۆیە خەڵکەکە سەریان سوڕما. 15 بەڵام هەندێکیان گوتیان: «دیارە لەلایەن بەعلزەبووبی فەرمانڕەوای خێوەکانەوە خێوەکان دەردەکات». 16 هەندێکی تریش، بۆ تاقیکردنەوەی، داوای پەرجوویان لە ئاسمانەوە کرد. 17 بەڵام زانی بیر لە چی دەکەنەوە و پێی فەرموون: «هەر شانشینییەک کە لە دژی خۆی دابەش بوو، وێران دەبێت، و هەر ماڵێک (دابەش بکرێت) دەڕوخێت. 18 ئەگەر شەیتان بەم شێوەیە لە دژی خۆی دابەش بوو، چۆن شانشینییەکەی ڕاگیردەبێت؟ پێم دەڵێن من بە بەعلزەبوب خێوەکانم دەرکرد. 19 بەڵام ئەگەر من بە بەعلزەبوب خێوەکان دەربکەم، ڕۆڵەکانتان بە کێ دەریان دەکەن؟ بۆیە تاوانبارتان دەکەن. 20 بەڵام ئەگەر بە پەنجەی خودا خێوەکان دەربکەم، کەواتە شانشینی خودا دێتە سەرتان. 21 کاتێک پیاوێکی بەهێز بە هەموو چەکەکانیەوە پارێزگاری ماڵەکەی دەکات، کەلوپەلەکانی پارێزراون. 22 بەڵام کاتێک کەسێکی بەهێزتر لە خۆی داگیری دەکات و زاڵ دەبێت بەسەریدا، هەموو چەکەکانی لێ دەستێنێتەوە کە پشتی پێ بەستووە، دەسکەوتەکانیش دابەش دەکرێن. 23 ئەوەی لەگەڵم نییە، دژی منە؛ وە ئەوەی لەگەڵمدا کۆناکاتەوە، پەرتەوازەی دەکات. 24 پاش ئەوەی گیانێکی پیس لە مرۆڤێک دوور دەخرێتەوە، لە چۆڵەوانییەکاندا دەسووڕێتەوە و بەدوای شوێنێک بۆ پشوودان دەگەڕێت، کاتێک هیچی نەدۆزیەوە، دەڵێت: دەگەڕێمەوە بۆ لای ماڵی پێشووم کە جێم هێشتووە! 25 کاتێک دێت، دەبینێت کە خاوێن کراوەتەوە. 26 دەچێت حەوت گیانی تر لەخۆی بەهێزتر دەهێنێت، دەچنە ناو مرۆڤەکەو و تێیدا نیشتەجێ دەبن، کەواتە دۆخی دواتری ئەو مرۆڤە لە جاری یەکەم خراپترە!» 27 کاتێک ئەم وشانەی دەفەرموو، ژنێک لە نێو خەڵکەکەدا بە دەنگی بەرز گوتی: «خۆزگە بەو دایکەی تۆی لێ بوویت، و شیری پێت دا!» 28 فەرمووی: «خۆزگە بە ئەوانەی گوێیان لە وشەی خودا دەبێت و جێبەجێی دەکەن.» 29 کاتێک جەماوەرەکە لە دەوری قەرەباڵغیان کرد، فەرمووی: « ئەم نەوەیە نەوەیەکی خراپەکارە، داوای پەرجوو دەکات، هیچ پەرجوویەکی پێنادرێت، جگە پەرجووەکەی یونان نەبێت. 30 هەر وەک چۆن یونان نیشانەیەک بوو بۆ خەڵکی نەینەوا، ڕۆڵەی مرۆڤیش بۆ ئەم نەوەیە دەبێت. 31 شاژنی باشوور لە ڕۆژی داوەری لەگەڵ ئەم نەوەیەدا هەڵدەستێتەوە و داوەریان لەسەر دەکات چونکە لەوپەڕی زەویەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی شلۆمۆ. ئەوەتا کەسێک لە شلۆمۆ مەزنتر لێرەدایە! 32 خەڵکی نەینەوا لەگەڵ ئەم نەوەیەدا لە ڕۆژی دادوەری هەڵدەستنەوە و داوەرییان لە سەر دەکەن، چونکە ئەوان کاتێک یۆنان بانگەوازی دەکرد بۆ پاشگەز بوونەوە. ئەوەتا کەسێک مەزنتر لە یۆنان لێرەیە. 33 کەس چرایەک داناگیرسێنێت بۆ ئەوەی لە شوێنێکی شاراوە و لە ژێر سەبەتەدا داینانێت، بەڵکو لەسەر چرادان هەڵیدەگرێت، بۆ ئەوەی ئەوانەی دێنە ژوورەوە ڕووناکییەکە ببینن. 34 چاوەکانت چرای جەستەن: ئەگەر چاوەکانت تەندروست بن، هەموو جەستەت لە ڕووناکیدا دەبێت؛ بەڵام ئەگەر چاوت خراپەکار بێت، جەستەت تاریک دەبێت. 35 کەواتە ئاگاداربە، ئەو ڕووناکییەی کە لەناو تۆ دایە تاریک نەبێت. 36 چونکە؛ ئەگەر هەموو جەستەت ڕووناک بۆوە و لایەنی تاریکی تێدا نەبوو، ئەوا بە تەواوی ڕووناک دەبێتەوە، وەک چۆن چرایەک بە درەوشاوەیی بۆت تیشک دەداتەوە!» 37 کاتێک هێشتا قسەی دەکرد، فەریسییەک داوای لێکرد کە لەگەڵیدا نان بخوات. چووە ناو (ماڵەکەی) و پاڵی داوە. 38 بەڵام فەریسییەکە سەری سوڕما کاتێک بینی پێش نانخواردنی ئێوارە خۆی نەشۆردووە. 39 پەروەردگاریش پێی فەرموو: «ئێوەی فەریسی دەرەوەی جام و قاپەکە خاوێن دەکەنەوە، بەڵام ناوەوەتان پڕن لە تاڵان کردن و خراپەکاری. 40 گێلینە، ئایا ئەو کەسەی دەرەوەی خولقاندووە هەر ئەوە نیە ناوەوەی بەدیهێناوە؟ 41 باشتر وایە ئەوەی هەتە بیبەخشت بە هەژاران، ئەوکات هەموو شتێک بۆ تۆ خاوێن دەبێتەوە. 42 بەڵام هاوار بۆ ئێوەی فەریسی، چونکە دەیەکی نەعنا و پونگە و رووەکی تر دەبەخشن وسەرپێچی لە ڕاستی و درووستی و خۆشەویستی خودا دەکەن: پێویستە ئەمانە بکەن و ئەوانەی تر پشتگوێ نەخەن! 43 هاوار لە ئێوەی فەریسی، چونکە زۆرتان پێخۆشە لە کەنیشتەکاندا لە ڕیزی پێشەوە دانیشن و لە گۆڕەپانە گشتییەکاندا سڵاوتان لێ بکرێت! 44 هاوار بۆ ئێوە، چونکە ئێوە لە گۆڕی شاراوە دەچن، خەڵک بەبێ ئەوەی بزانن بەسەریاندا دەڕۆن!» 45 یەکێک لە زانایانی تەورات گوتی: «مامۆستا، بەم قسەیەت بێڕێزی بە ئێمەش دەکەیت». 46 فەرمووی: «هاوار بە ئێوەش، زانایانی تەورات، چونکە ئێوە باری گران دەخەنە سەر شانی خەڵک، و خۆتان تەنانەت پەنجەیەکیشی بۆ نابەن. 47 هاوار بە ئێوە، چونکە ئێوە گۆڕ بۆ ئەو پێغەمبەرانە هەڵدەبەستن و باوباپیرانتان کوشتوویانن. 48 کەواتە شایەتی بۆ کارەکانی باوباپیرانتان دەدەن: ئەوان پێغەمبەرەکانیان کوشت، ئێوەش گۆڕەکانیان بۆ هەڵدەبەستن. 49 لەبەر ئەم هۆکارەش ​​دانایی خودا فەرموویەتی: پێغەمبەر و نێردراوانیان بۆ دەنێرم، ئەوانیش دەیانکوژن و دەیانچەوسێننەوە، 50 تەنانەت خوێنی هەموو پێغەمبەرەکان کە لە سەرەتای دروستبوونی جیهانەوە ڕژاوە، لەم نەوەیە داوای دەکرێت، 51 لە خوێنی هابیل هەتا خوێنی زەخەریا کە لە نێوان قوربانگا و شوێنی پیرۆزدا کوژرا! پێتان دەڵێم: بەڵێ، ئەو خوێنە لەم نەوەیە داوا دەکرێتەوە. 52 هاوار بە ئێوە ئەی زانایانی تەورات، چونکە کلیلی زاناییتان ڕفاندووە، بۆیە نە خۆتان دەچنە ژوورەوە و نە رێگەتان بەوانەیش دا کە دەچوونە ژوورەوە!» 53 کاتێک یەشوا ئەوێی بەجێهێشت، مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان تەنگیان پێ هەڵچنی و هەوڵیان دا لە زۆر بابەتدا هەڵیسەنگێنن، 54 چاوەڕێ بوون بە وشەکانی خۆی تووشی بکەن.