بەشی ١٠

1 پاشان پەروەردگار حەفتا و دوو کەسی دیکەی دەست نیشان کرد و دوو دوو، پێش خۆی بۆ هەر شار و شوێنێک کە بڕیار بوو بۆی بچێت ناردنی. 2 هه روه ها پێی فەرموون: «دروێنە زۆرە، بەڵام کرێکارەکان کەمن، بۆیە لە پەروەردگاری دروێنە بپاڕێنەوە کە کرێکار بنێرێت بۆ دروێنەکەی. 3 کەواتە بڕۆن! ئەوەتا من وەک بەرخ دەتاننێرمە نێو گورگەکان. 4 نە جانتای پارە هەڵبگرن و نە توورەکەی پێخۆر و نە پێڵاو؛ و لە سەر ڕێگادا سڵاو لە کەس مەکەن. 5 کە چوونە هەر ماڵێک، سەرەتا بڵێن: ئاشتی لە سەر ئەم ماڵە بێت! 6 ئەگەر ئاشتیخواز لە ماڵەکەدا هەبێت، ئاشتی ئێوەیان لەسەر دەبێت. ئەگینا، ئاشتیتان دەگەڕێتەوە بۆ خۆتان. 7 لەو ماڵەدا بمێننەوە و لەو شتانە هەیانە بخۆن و بخۆنەوە: چونکە کرێکار شایەنی کرێی خۆیەتی. ماڵەو ماڵ مەکەن. 8 چوونە ناو هەر شارێکەوە و دانیشتووانەکەی وەریانگرتن، لەوە بخۆن کە پێشکەشتان دەکرێت، و 9 ئەو نەخۆشانە چاک بکەنەوە کە تێیدان و پێیان بڵێن: شانشینی خودا لێتان نزیک بۆتەوە! 10 چوونە هەر شارێکەوە و خەڵکەکەی وەریاننەگرتن، بچنە سەر شەقامەکانی، و بڵێن: 11 تەنانەت تۆزوخۆڵی شارەکەتان لە پێمان دادەتەکێنین، بەڵام ئەمە بزانن: شانشینی خودا نزیکە! 12 پێتان دەڵێم: لەو ڕۆژەدا سۆدۆم زیاتر لە چاو ئەو شارە بەرگە دەگرێت. 13 هاوار لە تۆ خۆرازین! هاوار لە تۆ بێتسەیدا! ئەگەر ئەو پەرجووانەی لە ناو ئێوەدا کرا لە سور و سیدۆن بکرایە، گەلەکەیان هەر لە کۆنەوە پاشگەز دەبوونەوە و تەلیسیان لەبەر دەکرد و لەناو خۆڵەمێشدا دادەنیشتن. 14 بەڵام لە ڕۆژی بڕیارداندا سور و سیدۆن زیاتر بەرگە دەگیرێت لە ئێوە. 15 تۆش ئەی کەفەرناخوم، ئایا بەرزکرایتەوە بۆ ئاسمان؟ تۆ بەرەو جیهانی مردووان شۆڕ دەبیت بۆ خوارەوە! 16 ئەوەی گوێتان لێ بگرێت گوێ لە من دەگرێت، ئەوەی ئێوە ڕەتدەکاتەوە من ڕەتدەکاتەوە؛ وە هەرکەسێک ڕەتم بکاتەوە ئەو کەسە ڕەتدەکاتەوە کە منی ناردووە!» 17 ئینجا حەفتا و دوو کەسەکە بە دڵخۆشییەوە گەڕانەوە، و گوتیان: «پەروەردگار، تەنانەت خێوەکانیش بە ناوی تۆوە ملکەچی ئێمەن!» 18 پێی فەرموون: «شەیتانم بینی وەک برووسکە لە ئاسمانەوە دەکەوتە خوارەوە. 19 ئەوەتا دەسەڵاتم پێداون بە سەر مار و دووپشکەکان و هەموو هێزی دوژمن زاڵ بن، و هیچ شتێک زیانتان پێناگەیەنێت. 20 بەڵام بەوە دڵخۆش مەبن کە گیانەکان ملکەچی ئێوەن، بەڵکو بەوە دڵخۆش بن کە ناوەکانتان لە ئاسمانەکاندا نووسراوە». 21 لەو کاتەدا یەشوا بە گیان شادمان بوو و گوتی: «باوکە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی، سوپاست دەکەم، چونکە ئەم شتانەت لە دانایان و تێگەیشتووان شاردۆتەوەو بۆ منداڵانت ئاشکرا کردووە. بەڵێ باوکە، چونکە ئاوا لە بەر چاوی تۆ زۆر باش بوو! 22 هەموو شتەکان لەلایەن باوکمەوە ڕادەستی من کراون و کەس نازانێت ڕۆڵە کێیە جگە لە باوک، کەس باوک ناناسێت جگە لە ڕۆڵەکە، ئەوانەی کە دەیەوێت بۆیانی ئاشکرا بکات! » 23 پاشان ڕووی لە قوتابییەکانی کرد و پێی گوتن: «خۆزگە بەو چاوانەی ئەوە دەبینن کە ئێوە دەیبینن! 24 چونکە پێتان دەڵێم زۆرێک لە پێغەمبەران و پاشاکان ئارەزووی بینینی ئەوەیان دەکرد کە ئێوە دەیبینن بەڵام نەیانبینی، وە ئەوە ببیستن کە ئێوە دەبیستن بەڵام نەیانبیست». 25 وە یەکێک لە زانایانی تەورات ڕووبەڕووی بۆوە لەبەر ئەوەی تاقی بکاتەوە، وتی: «مامۆستا، چی بکەم بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتایی بە میرات بگرم؟» 26 پێی فەرموو: «لە تەوراتدا چی نووسراوە؟ چۆن دەیخوێنیتەوە؟» 27 وەڵامی دایەوە: «پەروەردگارت بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو هێز و بە هەموو بیرت خۆش بوێت و دراوسێکەت وەک خۆت خۆش بوێت.» 28 پێی فەرموو: «وەڵامەکەت ڕاستە. ئەگەر ئەمە بکەیت، دەژیت!» 29 بەڵام ویستی پاساو بۆ خۆی بهێنێتەوە، لە یەشوای پرسی: «دراوسێکەم کێیە؟» 30 یەشوا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «پیاوێک لە یورشەلایمەوە چوو بۆ یەریخۆ، کەوتە دەستی دزەکان، جل و بەرگ و پارەکەیان برد برینداریان کرد، پاشان بە نیوە مردوویی بە جێیان هێشت. 31 کاهینێک بەو ڕێگایەدا دەڕۆیشت و کاتێک بینی، خۆی لێ لادا و گوێی پێنەدا بەڕێگایەکی تردا تێپەڕی. 32 هەروەها یەکێک لە لێڤیەکان بەلایدا تێپەڕی، کاتێک گەیشتە ئەو شوێنە، سەیری کرد و گوێی پێنەدا. 33 بەڵام رێبوارێکی سامری هاتە لای، بەزەیی پێیدا هاتەوە، 34 چوو بۆ لای برینەکانی پێچایەوە پاش ئەوەی ڕۆن و شەرابی لە برینەکانی دا. سواری ئەسپەکەی کرد و بردی بۆ میوانخانەیەک و ئاگاداری کرد. 35 لە ڕۆژی دواتردا کاتێ میوانخانەکەی بە جێهێشت، دوو دیناری دەرهێنا و دای بە خاوەن میوانخانەکە و گوتی: چاودێری بکە! بە زیادەوە بۆی خەرج بکە، کاتێک گەڕامەوە پارەکەت دەدەمەوە. 36 کەواتە کام لەم سێ کەسە پێت وایە لەو کەسە نزیکترە کە کەوتووەتە دەستی جەردەکان؟» 37 لە وەڵامدا گوتی: «ئەو کەسە کە بە بەزەییەوە هەڵس و کەوتی لەگەڵدا کردووە!» یەشوا پێی فەرموو: «بڕۆ، و بە هەمان شێوە بکە!» 38 لە ڕێگادا بوون، چووە ناو گوندێک، و ژنێک بە ناوی مارتا پێشوازی لێکرد بۆ ماڵەکەی. 39 خوشکێکی هەبوو بە ناوی میریام، لە بەردەم یەشوا دانیشتبوو و گوێی لە وتەکانی گرتبوو. 40 بەڵام مارتا سەرقاڵی کاروبارەکانی خزمەتکردنیان بوو. هاتە پێش و گوتی: پەروەردگار، گرنگی نادەی بەوە کە خوشکەکەم جێی هێشتووم و ئەبێ بە تەنیا خزمەت بکەم؟ پێی بڵێ یارمەتیم بدات!» 41 بەڵام یەشوا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «مارتا، مارتا! تۆ نیگەرانی و دڵەڕاوکێیت بۆ زۆر شت هەیە. 42 بەڵام پێویستیت تەنها بە یەکێکە، و میریام بەشە چاکەکەی هەڵبژاردووە کە لێی وەرناگیرێتەوە!»