بەشی ١

1 لەبەر ئەوەی زۆر کەس هەوڵیان داوە چیرۆکی ئەو ڕووداوانەی لە لای ئێمە هاتنە دی دابڕێژنەوە، 2 وەک چۆن لەلایەن ئەوانەوە کە لە سەرەتاوە بە ڕاشکاوی شایەتحاڵ بوون ڕادەستی ئێمە کرا، و پاشان بوون بە خزمەتکاری وشەکە، 3 منیش بە باشم زانی، دوای ئەوەی لە سەرەتاوە بە وردی پشکنینم بۆ هەموو شتێک کرد، هاوڕێم سیۆفیلۆس 4 بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوەی دروستی ئەو وشانەی پێتگەیشتووە، بە ڕێکوپێکی بۆت بنووسم. 5 لە سەردەمی هیرۆدی پاشای یەهودا کاهینێک هەبوو بە ناوی زەخەریا، لە کۆمەڵەی ئەبیا، ژنەکەی لە نەوەی ئارۆن، ناوی ئێلیشەبات بوو. 6 هەردووکیان لەبەردەم خودا ڕاستودروست بوون، بە بێ گلەیی بە پێی هەموو راسپاردەکانی پەروەدگاریان هەڵس و کەوتیان دەکرد. 7 بەڵام منداڵیان نەبوو چونکە ئێلیشەبات نەزۆک بوو و هەردووکیان زۆر بەتەمەن بوون. 8 کاتێک زەخەریا لە نۆرەی کۆمەڵەکەی خۆیدا، کاروباری کاهینیێتی لەبەردەم خوداجێبەجێ دەکرد، 9 بە گوێرەی داب و نەریتی کاهینایەتی تیروپشکەکە کەوتە سەری تاکوو بچێتە ناو پەرستگای پەروەردگار و بخور بسوتێنێت. 10 لە کاتی سووتاندنی بخورەکەدا هەموو جەماوەر لە دەرەوە نزایان دەکرد. 11 فریشتەیەکی پەروەردگار لێی دەرکەوت کە لە لای ڕاستی قوربانگای بخورەکە وەستابوو. 12 زەخەریا بە بینینی شڵەژاو ترس دایگرت. 13 فریشتەکە پێی گوت: «زەخەریا مەترسە، چونکە داواکارییەکەت بیسترا، و ئێلیشەباتی هاوسەرت کوڕێکی بۆت دەبێت و ناوی دەنێیت یۆخەنان، 14 دەبێ بە مایەی شادی و دڵخۆشیتان، زۆر کەسیش بە لەدایکبوونی شاد دەبن. 15 لە بەردەم پەروەردگار مەزن دەبێت، و شەراب و خواردنەوە ناخواتەوەو، کاتێ هێشتا لە سکی دایکیایەتی پڕ دەبێت لە گیانی پیرۆز، 16 زۆرێک لە ڕۆڵەکانی یەسرائیل دەگەڕێنێتەوە بۆ پەروەردگاری خودایان، 17 لە پێشی دەڕوات و گیان و هێزی ئیلیای هەیە، بۆ ئەوەی دڵی باوکان بگەڕێنێتەوە بۆ لای منداڵەکان، و سەرپێچیکارانیش بۆ لای دانایی چاکەکاران، بۆ ئەوەی گەلێکی ئامادە بۆ پەروەردگار پێک بهێنێت!» 18 زەخەریا لە فریشتەکەی پرسی: «چۆن لەمە دڵنیا بم، چونکە من پیرم و هاوسەرەکەشم بە ساڵاچووە؟» 19 فریشتەکەش وەڵامی دایەوە: «من گەڤرەئیلم، لەبەردەم خودا ڕادەوەستم، نێردراوم بۆ ئەوەی لەگەڵت بدوێم و ئەم مزگێنیەت پێ بدەم. 20 لە ئێستاوە تۆ لاڵ دەبیت و توانای قسەکردنت نامێنێت، هەتا ئەو ڕۆژەی ئەم شتانە ڕوودەدەن، چونکە باوەڕت بە وشەکانم، و ئەوەی لە کاتی خۆیدا دێتە دی نەکرد». 21 جەماوەرکە چاوەڕێی زەخەریایان دەکرد و سەریان سوڕمابوو لە لە پەرستگاکەدا بە درەنگ کەوتبوو. 22 بەڵام کاتێک چووە دەرەوە نەیتوانی قسەیان لەگەڵ بکات، تێگەیشتن کە لە ناو پەرستگاکەدا بینینێکی دیوە. بۆیە بە ئاماژە لەگەڵیان دواو بە بێدەنگی مایەوە. 23 کاتێک ڕۆژانی خزمەتەکەی تەواو کرد، گەڕایەوە ماڵەوە. 24 دوای ئەو ڕۆژانە، ئێلیشەباتی هاوسەری دووگیان بوو، ئەویش بۆ ماوەی پێنج مانگ خۆی شاردەوە و گوتی: 25 «ئەمەیە ئەوەی پەروەردگار بۆمی کرد، لەم ڕۆژانەدا چاکەی خۆی پیشاندا و ئابڕووی منی لەنێو خەڵکدا کڕییەوە!» 26 لە مانگی شەشەمدا، فریشتە گەڤرەئیل لەلایەن خوداوە ڕەوانەی شارێک لە گەلیلی بە ناوی ناسیرە کرا، 27 بۆ لای پاکیزەیەک کە دەستگیرانی پیاوێک بوو لە بنەماڵەی داڤید بە ناوی یۆسپ، ناوی پاکیزەکەش میریام بوو. 28 فریشتەکە چووە ژوورەوە و پێی گوت: «سڵاو، ئەی ئەو کەسەی بەخششت بەسەردا ڕژاوە! پەروەردگارت لەگەڵە: تۆ لە ناو ژناندا پیرۆزکراوی.» 29 میریام بە قسەکانی فریشتەکە تووشی دڵەڕاوکێ بوو، و لە خۆی پرسی: «دەبێت ئەمە چ جۆر سڵاوێک بێت؟» 30 فریشتەکەش پێی گوت: « مەترسە میریام، چونکە تۆ ڕەزامەندیت لەلای خودا بەدەست هێنا! 31 دووگیان دەبیت و کوڕێکت دەبێت، و ناوی دەنێیت یەشوا. 32 مەزن دەبێت و پێی دەگوترێت ڕۆڵەی خودای هەرە بەرزو، پەروەردگار تەختی داڤیدی باوکی پێدەداتەوە، 33 هەتاهەتایە حوکمڕانی نەوەی یاکۆڤ دەکات، شانشینەکەشی کۆتایی نایەت». 34 میریام بە فریشتەکەی گوت: «ئەمە چۆن دەبێت، لە کاتێکدا من پیاوێک ناناسم؟» 35 فریشتەکەش وەڵامی دایەوە: «گیانی پیرۆز دێتە سەرت و هێزی خودای هەرەبەرز سێبەری لە سەرت دەبێت. بۆیە ئەو پیرۆزەی کە لە تۆ دەبێت بە ڕۆڵەی خودا بانگ دەکرێت. 36 ئەوەتا ئێلیشاباتی خزمیشت بەو پیرییە سکی پڕە بە کوڕێک. ئەوە مانگی شەشەمی دووگیانی کەسێکە پێی دەگوترا نەزۆک. 37 چونکە هیچ شتێک لەلای خودا ئەستەم نییە». 38 میریام گوتی: «ئەوە منم کارەکەرەکەی پەروەردگار. ئەوەی تۆ دەیفەرموویت با بێتە دی!» پاشان فریشتەکە بەجێی هێشت. 39 لەو ڕۆژانەدا، میریام هەستا و خێرا بۆ شارۆچکەیەک چوو، لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی یەهودیا. 40 چوو بۆ ماڵی زەخەریا و سڵاوی لە ئێلیشەبات کرد. 41 کاتێک ئێلیشەبات گوێی لە سڵاوەکەی میریام بوو، منداڵەکە لە سکیداجووڵا. ئێلیشەبات پڕبوو لە گیانی پیرۆز. 42 ئێلیشەبات بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەنێو ژناندا پیرۆزکراویت، بەرهەمی سکت پیرۆزکراو دەبێت! 43 من کوا شایستەی ئەوە بووم: تاکو دایکی پەروەردگارم بێت بۆ لام؟ 44 چونکە هەرکە دەنگی سڵاوەکەت بەر گوێم کەوت منداڵەکە لە خۆشیدا لە سکمدا هەڵبەزییەوە: 45 خۆزگە بەوەی باوەڕی وایە ئەوەی لە پەروەردگارەوە پێ گوتراوە دێتە دی!» 46 میریامیش گوتی: «گیانم ستایشی پەروەردگار دەکات، 47 گیانم بە خودای ڕزگارکەرم شاد دەبێت. 48 چونکە لە بێفیزی کارەکەرەکەی ڕووانی، ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن. 49 چونکە خودای بە توانا کاری مەزنی بۆ من ئەنجام دا، پیرۆزە ناوی ئەو، 50 بەزەییەکەی بۆ ئەوانەیە کە نەوە دوای نەوە لێی دەترسن. 51 بە هێزی بازووی کاری ئەنجامدا؛ خۆ بەزلزانەکانی لە ئارەزووی دڵیان پەرتەوازە کرد. 52 تەختی توانادارەکانی سەرەوژێر کردووە، و بێفیزەکانی بەرز کردەوە. 53 برسییەکانی بە باشە تێر کرد، ساماندارانی بە دەستی بەتاڵ ڕەوانە کردەوە. 54 یارمەتی گەلی یەسرائیلی خزمەتکاری خۆیدا، بە وەبیرهێنانەوەی بەزەییەکەی، 55 هەروەک لەگەڵ باوباپیرانمان قسەی کردبوو، بۆ ئەڤراهام و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە». 56 میریام لەلای ئێلیشەبات نزیکەی سێ مانگ مایەوە، پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی. 57 ئێلیشەبات کاتی منداڵبوونی هات و کوڕێکی بوو. 58 دراوسێ و خزمانی بیستیان پەروەردگاربەزەیی خۆی بە سەریاندا باراندووە، لەگەڵی شادمان بوون. 59 لە ڕۆژی هەشتەمدا بۆ خەتەنەکردنی کوڕەکە هاتن، لەسەر ناوی باوکی ناویان لێنا زەخەریا. 60 بەڵام دایکی گوتی: «نەخێر، ناوی دەنرێت یۆخەنان!» 61 پێیان گوت: «کەس لە ناو خێڵەکەت بەم ناوە ناونەنراوە». 62 ئینجا ئاماژەیان بۆ باوکی کرد، دەیەوێت چ ناوێکی لێ بنێت. 63 تەختەیەکی داوا کرد و لەسەری نووسی: «ناوی یۆخەنانە». هەموو سەرسام بوون. 64 زەخەریا دەمی کردەوە و دەستبەجێ زمانی کرایەوە، دەستی کرد بە قسەکردن و ستایشی خودای کرد. 65 هەموو دانیشتوانی دەروبەری ترس دایگرتن، و لە سەرتانسەری ناوچە شاخاوییەکانی یەهودیا هەموو ئەم شتانە بوون بە قسە و باسی سەر زاری خەڵکی. 66 هەموو ئەوانەی ئەم باسەیان بیست لە دڵی خۆیاندا گوتیان: « ئەم منداڵە دەبێتە چی؟» چونکە دەستی پەروەردگاری لەگەڵیدا بوو. 67 زەخەریای باوکیشی پڕبوو لە گیانی پیرۆز، پێشبینی کرد و گوتی: 68 «ستایش بۆ پەروەردگاری خودای یەسرائیل، چونکە گەلەکەی بەسەرکردەوە و کڕییەوە، 69 هێزی ڕزگاریمانی لە بنەماڵەی داڤیدی خزمەتکارییەوە هەستاندەوە، 70 وەک چۆن لە کۆنەوە لە ڕێگەی پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە دواوە: 71 ڕزگاربوون لە دوژمنەکانمان و لە دەستی هەموو ئەوانەی ڕقیان لێمانە، 72 بۆ ئەوەی بەزەیی تەواوی بەرامبەر باوباپیرانمان هەبێت و پەیمانە پیرۆزەکەیمان لە بیر بێت 73 ئەو سوێندەی کە بۆ ئەڤراهام باپیرە گەورەمانی خوارد: پێمان ببەخشێت 74 پاش ڕزگاریمان لە دەست دوژمنانمان، بێ ترس بیپەرستین، هەموو ژیانمان، 75 بە پیرۆزی و ڕاستودروستی لەبەردەمیدا بین. 76 تۆش، ئەی ڕۆڵە، بە پێغەمبەری خودای هەرەبەرز ناودەبردرێیت، چونکە پێش پەروەردگار دەکەویت تاکو ڕێگای بۆ خۆش بکەیت، 77 تاکو بە گەلەکەی ڕابگەیەنیت بە لێخۆشبوونی گوناهەکانیان ڕزگاریان دەبێت 78 بەهۆی بەزەییە بەسۆزەکەی خودامانەوە، کە بەهۆی ئەوە ڕووناکی ڕۆژهەڵات لە بەرزاییەوە بەسەرماندا دەدرەوشێتەوە، 79 تاکو بەسەر ئەوانەی لە تاریکی و لە سێبەری مەرگدا دانیشتوون بدرەوشێتەوە، بۆ ئەوەی گوناهەکانمان بەرە ڕێگای ئاشتی ببات». 80 منداڵەکەش گەشەی دەکرد و لە گیاندا بەهێز دەبوو، لە‏ چۆڵەوانی مایەوە هەتا ئەو ڕۆژەی کە خۆی بۆ گەلی یەسرائیل دەرخست.