بەشی ٩
1
کاتێک یەشوا بە ڕێگادا تێدەپەڕی، پیاوێکی بینی کە بە زگماک نابینا بوو،
2
قوتابییەکانی لێیان پرسی: «مامۆستا، کێ گوناهەی کردووە: ئەم پیاوە یان دایک و باوکی، کە بە نابینایی لەدایک بووە؟»
3
یەشوا وەڵامی دانەوە: «نە ئەمە گوناهی کردووە نە دایک و باوکی، بەڵکو تاکو کارەکانی خودای تێدا بەدەرکەوێت.
4
هەتا ڕۆژە لەسەرمە کاری ئەوە بکەم کە ناردوومی چونکە شەو دادێت. و کەس ناتوانێت کاری تێدا بکات.
5
مادام لە جیهاندام، من ڕووناکی جیهانم».
6
ئەمەی فەرموو، و تفی لەسەر خۆڵ کرد، بە تفەکە قوڕی، گرتەوە و خستیە سەر چاوی نابیناکە،
7
پێی فەرموو: «بڕۆ لە گۆمی شیلوام خۆت بشۆ»، شیلوام واتا نێردراو. جاڕۆیشت خۆی شوشت و بە چاوی ساغەوە گەڕایەوە.
8
دراوسێیەکانی پرسیاریان کرد و ئەوانەی پێشتر بینیبوویان سواڵ دەکات گوتیان: «ئەمە ئەوە نیە دادەنیشت و سواڵی دەکرد؟» هەندێک گوتیان: «ئەوە خۆیەتی».
9
هەندێکی دیکە گوتیان: «نەخێر، بەڵام لەو دەچێت!» بەڵام ئەو وەڵامی دانەوە و گوتی: «من ئەوم!»
10
پێیان گوت: «ئەی چۆن چاوت کرایەوە؟»
11
وەڵامی دایەوە: «پیاوێک بە ناوی یەشوا، قوڕی گرتەوە و چاومی سواخدا، پێی گوتم : بڕۆ لە گۆمی شیلوام خۆت بشۆ. منیش ڕۆیشتم خۆمم شوشت بینایم بۆگەڕایەوە!»
12
لێیان پرسی: «ئێستا ئەو لەکوێیە؟» گوتی: «نازانم!»
13
ئەو پیاوەی پێشتر نابینا بوو بردیانە لای فەریسییەکان.
14
ئەو ڕۆژەی کە یەشوا قوڕەکەی گرتەوە و چاوی کردەوە شەبات بوو.
15
لەبەر ئەوە فەریسییەکان لێیان پرسی کە چۆن چاوی چاک بۆتەوە. پیاوەکە وەڵامی دانەوە: «قوڕی خستە سەر چاوم، منیش شوشتم، وا ئێستا دەبینم!»
16
هەندێک لە فەریسییەکان گوتیان: «ئەم پیاوە نابێت لەخوداوە بێت، چونکە شەبات ناپارێزێت». بەڵام هەندێکیان گوتیان: «چۆن پیاوێکی گوناهبار دەتوانێت پەرجووی لەم جۆرە بکات؟» ئیتر دووبەرەکی کەوتە نێوانیان.
17
دیسان پرساریان لە نابیناکە کرد: «تۆ دەربارەی ئەو چی دەڵێیت، چونکە چاوی تۆی چاک کردەوە؟» گوتی: «پێغەمبەرە!»
18
ڕابەرانی یەهوود باوەڕیان نەکرد کە ئەمە نابینا بووە و ئێستا دەبینێت، جا دایک و باوکی پیاوەکەیان بانگکرد
19
پرسیاریان لێکردن: «ئایا ئەمە کوڕتانە کە دەڵێن بە نابینایی لەدایک بووە؟ ئەی ئێستا چۆن دەبینێت؟»
20
دایک و باوکی وەڵامیان دایەوە: «دەزانین ئەمە کوڕمانە و بە نەبینایی لەدایک بووە.
21
بەڵام نازانین ئێستا چۆن دەبینێت، وە کێ چاوی چاک کردۆتەوە. لێی بپرسن، ئەو گەورەیه، لەبارەی خۆیەوە وڵامتان دەداتەوە!»
22
دایک و باوکی ئەمەیان گوت لە ترسی ڕابەرانی یەهوود، چونکە یەهودیەکان کۆک بوون لەسەر ئەوەی هەرکەسێک دانبنێت کە یەشوا مەسیحەکەیە، لە کەنیشت دەریبەکەن.
23
لەبەر ئەوە دایک و باوکی گوتیان: «ئەو گەورەیە، لە خۆی بپرسن».
24
دیسان فەریسییەکان، ئەو پیاوەی پێشتر نابینا بوو بانگیان کرد، و پێیان گوت: «شکۆمەندی بۆخودا! ئێمە دەزانین ئەم پیاوە گوناهبارە».
25
وەڵامی دایەوە: «ئەو گوناهبارە، ئەوە نازانم! تەنها یەک شت دەزانم،: من نابینا بووم و ئێستا دەبینم!»
26
دووبارە لێیان پرسی: «چی لێکردیت؟ چۆن چاوی تۆی کردەوە؟»
27
وەڵامی دانەوە: «پێم گوتن گوێتان لێ نەگرتم، بۆچی دیسان دەتانەوێ ببیستن؟ ئێوەش دەتانەوێ ببنە قوتابی ئەو؟»
28
جوێنیان پێیدا و پێیان گوت: «تۆ قوتابی ئەویت! بەڵام ئێمە قوتابی موشەین.
29
ئێمە دەزانین موشە لەگەڵ خودا قسەی کرد؛ بەڵام نازانین ئەوە لە کوێوە هاتوە!»
30
پیاوەکە وەڵامی دانەوە: «ئەمە شتێکی سەیرە! ئەو چاوی کردوومەتەوە، ئێوەش دەڵێن نازانین ئەو لەکوێوە هاتووە!
31
ئێمە دەزانین خودا وەڵامی گوناهباران ناداتەوە، بەڵام گوێ لە یەکێک دەگرێت خۆپارێز بێت و خواستی پەیڕەو بکات،
32
بەدرێژایی نەوەکان نەبیستراوە یەکێک چاوی بە زگماک نابینا بکاتەوە!
33
ئەگەر ئەوە لە خوداوە نەبێت، نەیدەتوانی هیچ شتێک بکات».
34
هاواریان بە سەریدا کرد: «تۆ بە تەواوی لە گوناهە لەدایک بوویت تۆ فێرمان دەکەیت!» جا دەریانکردە دەرەوەی کەنیشت.
35
یەشوا بیستی دەریانکردۆتە دەرەوە، دۆزییەوە و پێی فەرموو: «باوەڕ بە ڕۆڵەی خودا دەکەیت؟»
36
وەڵامی دایەوە: «گەورەم ئەوە کێیە تاکو باوەڕی پێ بکەم؟»
37
یەشوا پێی فەرموو: «ئەوەی بینیوتە، ئەوەی قسەت لەگەڵ دەکات، ئەوە خۆیەتی!»
38
ئەویش گوتی: «پەروەردگارم باوەڕ دەکەم!» ئینجا کڕنۆشی بۆ برد.
39
یەشوا فەرمووی: «بۆ داوەری هاتوومەتە ئەم جیهانە: تاکو ئەوانەی نابینان ببینن، و ئەوانەی دەبینن کوێربن!»
40
هەندێک فەریسی کە لەگەڵی بوون گوێیان لەمە بوو لێیان پرسی: «ئایا ئێمەش کوێرین؟»
41
یەشوا وەڵامی دانەوە: «ئەگەر ئێوە بەڕاستی کوێر بوونایە گوناهتان نەدەبوو. بەڵام ئێوە بانگەشەی ئەوە دەکەن دەبینین، لەبەر ئەوە گوناهەکەتان دەمێنێتەوە».