بەشی ٦

1 دوای ئەمە یەشوا چوو بۆ ئەوبەری دەریاچەی گەلیلی، کە دەریاچەی کینەرەتە، 2 خەڵکێکی زۆر شوێنی کەوتبوون دوای ئەوەی ئەو پەرجووانەیان بینی کە نەخۆشەکانی چاک دەکردەوە. 3 ئینجا یەشوا و قوتابییەکانی چوونە سەر شاخ و لەوێ دانیشتن. 4 جەژنی پەسخەی یەهودیەکان نزیک بوو. 5 کاتێک یەشوا چاوی هەڵبڕی و خەڵکێکی بینی بەرەو ڕووی دێن، بە فیلیپۆسی گوت: «لەکوێ نان بکڕین و نا ن بەمانە بدەین؟» 6 ئەمەی فەرموو بۆ ئەوەی تاقی بکاتەوە، چونکە یەشوا دەیزانی کە چی دەکات. 7 فیلیپۆس وەڵامی دایەوە: « ئەگەر بایی دوو سەد دینار نان بکڕین بەشیان ناکات، ئەگەر هەریەکەیان کەمێکی بەربکەوێت!» 8 ئەندریا، برای شیمۆن پەترۆ، یەکێک بوو لەقوتابییەکانی پێی گوت: 9 «کوڕێک لێرەیە پێنج نانی جۆ و دوو ماسی بچوکی پێیە. بەڵام ئەوەندە چیە بۆ ئەم هەمووە؟» 10 یەشوا فەرمووی: « دایان بنیشێنن!» ئەو شوێنە گیایەکی زۆری لێبوو. جا پیاوەکان کە پێنج هەزار دەبوون دانیشتن. 11 یەشوا نانەکانی وەرگرت و سوپاسی کرد، پاشان بەپێی پێویست دابەشی کرد بەسەر ئەوانەی دانیشتبوون. بۆ دووماسیەکەش هەمان شتی کرد. 12 کاتێک هەمووان تێربوون، یەشوا بە قوتابییەکانی فەرموو: «ئەو پەلکە نانەی ماوەتەوە کۆی بکەنەوە تاکو هیچی بەفیڕۆ نەڕوات!» 13 ئەوانیش کۆیان کردەوە، و دوازدە سەبەتەیان پڕکرد لە پەلکە نانی ئەو پێنج نانە جۆیەیی کە مابووەوە. 14 خەڵکەکە ئەو پەرجوەیان بینی کە یەشوا کردی، گوتیان: «بە ڕاستی ئەمە پێغەمبەرەکەیە هاتوە بۆ جیهان». 15 یەشوا زانی ئەوان بە نیازن بیڕفێنن تاکو بیکەنە پاشا، بە تەنها گەڕایەوە سەر شاخ. 16 کە ئێوارە داهات قوتابیەکانی بۆ لای دەریاچەکە چوونە خوارەوە، 17 سواری بەلەمێک بوون بەرەو کەفەرناخوم بەڕێکەوتن بەرەو ئەو بەری دەریاچەکە. تاریک داهات و یەشوا هێشتا نەگەیشتبووە لایان. 18 ڕەشەبا هەڵیکرد و دەریاچە شڵەژا. 19 قوتابیەکان نزیکەی سێ بۆ چوار میل سەوڵیان لێدابوو، یەشوایان بینی لە بەلەمەکە نزیک دەبێتەوە بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، جا ترسیان لێ نیشت، 20 ورەی بەرزکردنەوە فەرمووی: «ئەوە منم، مەترسن!» 21 کاتێک داوایان لێکرد سواری بەلەمەکەبێت، تا بەلەمەکە گەیشتە ئەو کەنارەی بۆی دەچوون. 22 بۆ ڕۆژی دواتر، ئەو خەڵکەی لەوبەری دەریاچەکە ڕاوەستابوون بینییان لە بەلەمێک زیاتر لەوێ نەبوو. یەشوا لەگەڵ قوتابیەکانی سواری بەلەم نەبوو( دوێنێ)، بەڵکو قوتابیەکانی بە تەنها بەڕێکەوتبوون. 23 ئینجا بەلەمی دیکە لە شاری کینەرەت، هاتە نزیک ئەو شوێنەی نانەکەیان لێی خوارد و دوای ئەوەی سوپاسی پەروەردگاری لەسەر کرابوو. 24 کاتێک خەڵکەکە بینیان نە یەشوا لەوێیە و نە قوتابیەکانی، سواری بەلەمەکان بوون و چوونە کەفەرناخوم بە شوێن یەشوادا گەڕان. 25 کە لەوبەری دەریاچەکە دۆزییانەوە، لێیان پرسی: «مامۆستا، کەی گەیشتیتە ئێرە؟» 26 یەشوا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن نەک لەبەر ئەوەی نیشانەکانتان بینی، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە نانەکەتان خوارد و تێر بوون. 27 هەوڵ بۆ خۆراکێکی لەناوچومەدەن، بەڵکو بۆ خۆراکێک کە تا ژیانی هەتاهەتایی دەمێنێتەوە، ئەوەی ڕۆڵەی مرۆڤ دەتانداتێ، چونکە ئەم خۆراکە خودای باوک مۆری لێداوە». 28 لێیان پرسی: «چی بکەین تاکو ئەو کارانە بکەین خودا داوای دەکات؟» 29 یەشوا وەڵامی دانەوە: «کارێک کە خودا داوای دەکات باوەڕ بەو کەسە بهێنن ناردوویەتی». 30 لێیان پرسی: «چ پەرجووێک دەکەیت تاکو بیبینین و باوەڕت پێ بکەین؟ دەتوانی چی بەکەیت؟ 31 باوباپیرانمان لە چۆڵەوانی مەنیان خوارد وەک لە پەرتوک نووسراوە: لە ئاسمانەوە نانی دانێ تاکو بیخۆن!» 32 یەشوا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: موشە نەبوو نانەکەی لە ئاسمانەوە دانێ، بەڵکو باوکمە ئەوەی ئێستا لە ئاسمانەوە نانە ڕاستییەکەتان دەداتێ، 33 چونکە نانی خودا ئەوەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە و ژیان دەبەخشێتە جیهان». 34 پێیان گوت: «گەورەم، هەموو کاتێک ئەو نانەمان بدەرێ». 35 یەشوا وەڵامی دانەوە: «من ئەوم نانی ژیانەکە. ئەوەی بێتە لام هەرگیز برسی نابێت، ئەوەش باوەڕم پێ بهێنێت هەرگیز تینووی نابێت. 36 بەڵام پێم گوتن، منتان بینیوە و باوەڕ ناهێنن، 37 بەڵام هەرکەسێک باوکم دەیداتە من دێتە لام، ئەوەشی بێتە لام هەرگیز دەریناکەم، 38 من لە ئاسمانەوە دابەزیوم، نەک بۆ بەدیهێنانی خواستم، بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی. 39 خواستەکەی ئەمەیە هیچ کەسێک لەوانە لەناو نەچن کە پێی داوم، بەڵکو لە ڕۆژی دواییدا هەڵیان دەستێنمەوە. 40 بەڵێ! خواستی باوکم ئەمەیە: هەرکەسێک ڕۆڵەکە ببینێت و باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی دەبێت، وە من لە ڕۆژی دواییدا هەڵی دەستێنمەوە». 41 یەهودیەکان دەستیان بە بۆڵەبۆڵکرد لەسەر یەشوا چونکە فەرمووی: «من نانەکەم ئەوەی لە ئاسمانەوە دابەزیوە». 42 گوتیان: «ئایا ئەمە یەشوا نیە کوڕی یۆسپ، ئێمە دایک و باوکی دەناسین، ئەمە چۆن دەڵێت: لە ئاسمانەوە دابەزیوم؟» 43 یەشوا وەڵامی دانەوە : «لەناو خۆتاندا بۆڵەبۆڵ مەکەن! 44 کەس ناتوانێت بێتە لام ئەگەر باوک ڕاینەکێشێت ئەوەی ناردوومی. من لە ڕۆژی دواییدا هەڵیدەستێنمەوە. 45 لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا هاتوە: هەمووان لە خودا فێر دەبن. جا ئەوەی لە باوکەوە بیستبێتی و فێربووبێت دێتە لام. 46 ئەمە مانای ئەوە نیە کەس باوکی بینیوە: هەرگیز نەبینراوە تەنها ئەوەی لەگەڵ خودایە. تەنها ئەو باوکی بینیوە. 47 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی دەبێت. 48 منم نانی ژیانەکە. 49 باوباپیرانتان لە چۆڵەوانیدا مەنیان خوارد و پاشانیش مردن، 50 ئەوەتا لێرەیە ئەو نانەی لە ئاسمانەوە دابەزیوە تاکو هەرکەسێك لێی بخوات نەمرێت. 51 من نانە زیندووەکەم کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە. ئەگەر یەکێک لەم نانە بخوات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت. ئەو نانەش کەمن دەیبەخشم، جەستەمە، دەیبەخشم تاکو جیهان بژیت». 52 یەهودیەکان لەناو خۆیان دەمەقاڵێکی توندیان کرد، دەیانگوت: «ئەمە چۆن دەتوانێ جەستەی خۆیمان بداتێ بیخۆین؟» 53 یەشوا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێدەڵێم: ئەگەر جەستەی ڕۆڵەی مرۆڤ نەخۆن و خوێنی نەخۆنەوە ژیان لەناو ئێوەدا نیە. 54 ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە ژیانی هەتاهەتایی هەیە، من لەڕۆژی دواییدا هەڵیدەستێنمەوە، 55 چونکە جەستەم خۆراکی ڕاستەقینەیە، و خوێنیشم خواردنەوەی ڕاستەقینە. 56 ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە، لەمن دەچەسپێت ومنیش لەئەودا. 57 وەک من زیندووم بە باوکی زیندوو کە ناردوومی، هەر بەم شێوە ئەوەی لە جەستەی من بخوات بەهۆی منەوە زیندووە. 58 ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، نەک وەکو ئەوەی باوباپیرانتان خواردیان و مردن. ئەوەی لەم نانە بخوات هەتاهەتایە دەژیت». 59 یەشوا هەموو ئەمانەی فەرموو لە کەفەرناخوم لە کەنیشت خەڵکی فێرکردەکرد. 60 کە زۆرێک لە قوتابیەکانی گوێیان لەو فەرمایشتەی یەشوا بوو گوتیان: «ئەم قسەیە زۆر ئەستەمە! کێ گوێی لێدەگرێت؟» 61 یەشوا لە دڵی خۆیدا زانی قوتابییەکانی بەهۆی ئەمەوە بۆڵەبۆڵ دەکەن، پرسیاری لێکردن: «ئایا ئەمە دەبێتە هۆی گومان کردن لەخۆتان؟ 62 ئەی ئەگەر ببینن ڕۆڵەی مرۆڤ بەرز ئەبێتەوە بۆ ئەو شوێنەی یەکەم جار لێی بوو؟ 63 گیان ئەوەیە ژیانەکە دەدات، بەڵام جەستە بە کەڵکی هیچ نایەت. ئەو قسانەی پێم گوتن گیان و ژیانن. 64 بەڵام هەندێ لەئێوە باوەڕ ناهێنن!» یەشوا لە سەرەتادا دەیزانی ئەوانە کێن کە باوەڕی پێناهێنن، هەروەها دەیزانی کێ ناپاکی لێدەکات. 65 پاشان فەرمووی: «لەبەر ئەوە پێم گوتن: کەس ناتوانێ بێت بۆلام تەنها ئەوەی باوک ڕێگەی پێدەدات». 66 لەو کاتەوە زۆرێک لە شوێنکەوتوەکانی بەجێیان هێشت، وئیتر نەگەڕانەوە کە شوێنی بکەون! 67 بە دوازدە قوتابیەکەی فەرموو: «ئێوەش دەتانەوێ وەک ئەوان بڕۆن؟» 68 شیمۆن پەترۆ وەڵامی دایەوە: «پەروەردگار، بچینە لای کێ؟ وشەکانی ژیانی هەتاهەتایی لەلای تۆیە. 69 ئێمە باوەڕمان هێنا و زانیمان کە تۆ پیرۆزەکەی خودایت!» 70 یەشوا پێی فەرموون: «ئایا من ئێوەی دوازدەم هەڵنەبژاردووە، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لە ئێوە شەیتانە؟» 71 بەوە ئاماژەی بە یەهودای کوڕی شیمۆنی ئیسخاریۆتی کرد، چونکە سەرەڕای ئەوەی کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابیەکە، کە پاشان بەگرتنیدا!