بەشی ١٢

1 شەش ڕۆژ پێش جەژنی پەسخە یەشوا هاتە بەیت ئەنیا، زێدی ئیلعازار کە لە مردن هەڵیساندبۆوە. 2 بۆیە ئێوارەخوانێکی بۆ پێشکەش کرا، و مارتاش خزمەتی کرد، و ئیلعازار یەکێک بوو لەوانەی لەگەڵیدا پاڵی دابۆوە. 3 میریام مەنایەک (واتە یەک لەسەر سێی لیترێک) لە بۆنی بێگەرد هێنا کە زۆر گران بەهایە، پێیەکانی یەشوای پێ چەورکرد، پاشان بە پرچی سڕییەوە، بۆنە خۆشەکەی هەموو ماڵەکەی پڕکرد. 4 یەکێک لە قوتابییەکان، بە ناوی یەهودای ئیسخاریۆتی، ئەوەی بەتەمابوو ناپاکی لە یەشوا بکات، گوتی: 5 «بۆچی ئەم بۆنەتان بە سێ سەد دینار نەفرۆشت و بەسەر هەژارەکاندا دابەشتان بکردایە؟» 6 ئەمەی نەگوت لەبەر ئەوەی بەزەیی بە هەژاراندا دەهاتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی دزبوو، چونکە ئەمینداری گەنجینە بوو گەندەڵی لەو شتانە دەکرد کە دەیان خستە ناوی. 7 یەشوا وەڵامی دایەوە: «وازی لێبێنن! ئەمەی بۆ ڕۆژی ناشتنم پاراستبوو، 8 چونکە هەژاران هەمووکات لەگەڵتانن؛ بەڵام من هەمووکات لەلاتان نیم». 9 ژمارەیەکی زۆر لە یەهودیەکان زانییان یەشوا لە بێت ئەنیایە، هاتن نەک تەنها بۆ بینینی یەشوا، بەڵکو ئیلعازاریش کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. 10 سەرۆک کاهینەکانیش بڕیاریاندا کە ئیلعازارش بکوژن، 11 چونکە ژمارەیەکی زۆر لە یەهودیەکان وازیان لێ دەهێنانن و باوەڕیان بەیەشوا دەهێنا. 12 بۆ ڕۆژی دواتر، جەماوەرێکی زۆر لە خەڵک کە هاتبوون بۆ جەژن، زانییان کە یەشوا دێت بۆ یۆرشەلایم. 13 لقە داری خورمایان برد و بەرەوپیری چوون، هاواریان دەکرد: «هوشیەنا! پیرۆزە ئەوەی بە ناوی پەروەردگار دێت! ئەوە پاشاکەی یەسرائیلە!» 14 یەشوا جاشکێکی بینی سواری بوو، وەک نووسراوە: 15 «مەترسە ئەی کچی سەهیۆن، ئەوەتا پاشایەک بۆلات دێت بە سواری جاشی ماکەرێک». 16 قوتابییەکانی لەسەرتادا لەمانە تێنەگەیشتن ئەوە هاتنەدی پێشبینیەکان بوو. بەڵام پاش ئەوەی یەشوا شکۆمەند کرا بیریان کەوتەوە کە ئەمانە لەسەر ئەو نووسراون، ئەوانیش ئەمەیان لەپێناوی ئەودا کردووە. 17 هەموو ئەو خەڵکەش کە لەگەڵی بوون کاتێک ئیلعازاری لەناو گۆڕەکەوە بانگکرد و لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە، شایەتییان بۆی دەدا. 18 لەبەر ئەوە بوو خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی پێشوازیی لێ بکەن، چونکە بیستیان ئەو پەرجووی کردووە. 19 فەریسییەکانیش بە یەکتریان گوت: «دەبینن هیچمان لە دەست نایەت؟ ئەوەتا هەموو جیهان شوێنی کەوتووە!» 20 هەندێک یۆنانی لەنێو ئەوانە بوون کە هاتبوونە یۆرشەلایم لە جەژندا خواپەرستی بکەن، 21 ئەوان هاتنە لای فیلیپۆس، ئەوەی خەڵکی بێت‌ سیدۆنی گەلیلی بوو، پێیان گوت: «گەورەم، دەمانەوێت یەشوا ببینین». 22 فیلیپۆس هات و بە ئاندریای گوت، ئینجا بەیەکەوە چون و بە یەشوا یان گوت. 23 یەشوا پێی فەرموون: «کاتی شکۆمەندبوونی ڕۆڵەی مرۆڤ نزیک بۆتەوە. 24 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: دەنکە گەنم ئەگەر نەکەوێتە ناو زەوی و نەمرێت، بە تەنها دەمێنێتەوە. بەڵام کە مرد، ئەوسا بەرهەمی زۆر دەدات. 25 ئەوەی دەست بە ژیانیەوە بگرێت، دەیدۆڕێنێت. ئەوەی لەم جیهانەدا دەستی لێبەردات، ئەوا بۆ هەتاهەتایە ژیانی دەپارێزێت. 26 ئەوەی بیەوێت خزمەتم بکات با شوێنم بکەوێت. ئیتر من لە هەر شوێنێک بم خزمەتکاریشم لەوێیە. ئەگەر یەکێک خزمەتم بکات باوکم ڕێزی لێ دەگرێت. 27 دەرونم ئێستا خەمبارە، چی بڵێم؟ باوکە لەم کاتەی دێت ڕزگارم بکە؟ بەڵام نەخێر! بۆ ئەم کاتە هاتووم. 28 ئەی باوک، ناوت شکۆمەند بکە!» دەنگێک لە ئاسمانەوە وەڵامی دایەوە: «شکۆمەندم کردووە و شکۆمەندی دەکەمەوە.» 29 هەندێک لە ئامادەبووان گوێیان لێبوو گوتیان: «هەورەتریشقە بوو!» هەندێکی دیکەیان گوتیان: «فریشتەیەک بوو قسەی لەگەڵ کرد». 30 یەشوا فەرمووی: «ئەو دەنگەی هات لەبەر من نەبوو بەڵکو بۆ ئێوە بوو. 31 ئێستا کاتی داوەری کردنی ئەم جیهانەیە! ئێستا سەرۆکی ئەم جیهانە دەردەکرێتە دەرەوە! 32 کاتێک لە زەوییەوە بەرز دەبمەوە ئەوا هەمووان بۆ لای خۆم ڕادەکێشم». 33 ئەمەی گوت ئاماژەی بەو مردنەکەی کرد کە دەمرێت. 34 هەندێک لە ئامادەبووان دەیانگوت: «تەوڕات فێری کردین کە مەسیح هەتاهەتایە دەژی، کەواتە چۆن دەڵێت کوڕی مرۆڤ دەبێت هەڵبواسرێت؟ ئەم ڕۆڵەی مرۆڤە کێیە؟» 35 یەشوا پێی فەرموون: «ڕووناکییەکە ماوەیەکی کەمی لەگەڵتان ماوە. کەواتە بەردەوام بە لە ڕۆیشتن تا ڕووناکییەکە بەسەرتدا دەدرەوشێتەوە، نەوەک تاریکیتان بەسەردابێت، چونکە ئەوەی لە تاریکیدا دەڕوات نازانێت بۆ کوێ دەڕوات. 36 مادام ڕووناکییەکە لەگەڵتانە، باوەڕ بە ڕووناکییەکە بکەن. تا ببنە ڕۆڵەی ڕووناکیەکە». دوای ئەوەی یەشوا ئەمەی فەرموو، خۆی ونکرد. 37 لەگەڵ ئەوەی پەرجووی زۆری لەبەردەمیان کرد، بەڵام باوەڕیان پێ نەهێنا، 38 تاکو وتەی ئیشایا پێغەمبەر بێتە دی کە گوتی:«ئەی پەروەردگار کێ باوەڕی بە وتەکەمان کرد؟ و دەستی پەروەردگار بۆ کێ دەرکەوت؟» 39 لەبەر ئەوە نەیانتوانی باوەڕ بهێنن، چونکە ئیشایا لە شوێنێکی دیکە گوتی: 40 «چاویانی کوێر و دڵیانی ڕەق کردووە، بۆ ئەوەی بە چاویان نەبینن و بە دڵیان تێنەگەن، نەوەک بگەڕێنەوە و منیش چاکیان بکەمەوە». 41 ئیشایا ئەمانەی گوت، چونکە شکۆمەندی پەروەردگاری بینی و باسی کرد. 42 هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە ڕابەرەکانیش باوەڕیان بەیەشوا هێنا، بێ ئەوەی باوەڕەکەیان ڕابگەیەنن، لەترسی ئەوەی لە کەنیشت دەرنەکرێن، 43 چونکە ئەو شکۆمەندییەی لە مرۆڤەکانەوە دێت بە باشتر دەزانن لەو شکۆمەندییەی کە لە خوداوە دێت. 44 یەشوا بە دەنگی بەرز فەرمووی: «ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەوە باوەڕ بە من ناهێنێت، بەڵکو بەوەی ناردوومی، 45 ئەوەش کەدەمبینێت، ئەوە دەبینێت کە ناردوومی 46 من وەک ڕووناکی هاتوومەتە جیهان، بۆئەوەی هەر کەسێک گوێی لە وتەکانم بگرێت لە تاریکیدا نەمێنێتەوە. 47 ئەگەر یەکێک گوێی لە وتەکانم بوو کاری پێ نەکرد، من تاوانباری ناکەم ، چونکە نەهاتووم تاکو جیهان تاوانبار بکەم، بەڵکو جیهان ڕزگار بکەم. 48 ئەوەی ڕەتم بکاتەوە و وتەکانم وەرنەگرێت، یەکێک هەیە داوەڕی بکات: ئەو قسەیەی کە من کردم لە ڕۆژی دواییدا داوەری دەکات؛ 49 من لە خۆمەوە قسەم نەکردووە، بەڵکو ئەو باوکەی کە ناردوومی، بەچی ڕایسپاردووم 50 دەزانم ڕاسپاردەی ئەو ژیانی هەتاهەتاییە: هەر بۆیە هەرچی بڵێم، بەو جۆرە دەیڵێم کە باوکم پێی فەرمووم».