بەشی ١١

1 کەسێک نەخۆش کەوت ناوی ئیلعازار بوو، خەڵکی بێت‌ئەنیا بوو. گوندی میریام و مارتای خوشکی. 2 میریام ئەوەبوو کە مەسیحی پەروەردگاری بە بۆن چەور کرد بە پرچی پێیەکانی سڕییەوە، ئیلعازار نەخۆشەکە برای بوو. 3 خوشکەکان هەواڵیان بۆ یەشوا نارد و گوتیان: «گەورەم، ئەوەی تۆ خۆشت دەوێ نەخۆشە». 4 کاتێک یەشوا ئەمەی بیست فەرمووی: «ئەم نەخۆشییە بەمردن کۆتایی نایەت، بەڵکو دەبێتە شکۆمەند کردنی خودا، تاکو بەهۆیەوە ڕۆڵەی خودا شکۆمەند دەبێت». 5 لەگەڵ ئەوەی یەشوا مارتا و خوشکەکەی و ئیلعازاری خۆش دەویست، 6 کاتێک بیستی نەخۆشە دوو ڕۆژی دیکە لەو شوێنەی لێی بوو مایەوە. 7 دوای ئەمە بە قوتابییەکانی فەرموو: «با بگەڕێینەوە بۆ ناوچەی یەهودیا!» 8 قوتابییەکان پێیان گوت: « مامۆستا، ماوەیەک لەمەوبەر یەهوودییەکانی ئەوێ، دەیانویست بەردبارانت بکەن دیسان دەگەڕێتەوە ئەوێ؟» 9 یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئایا ڕۆژ دوازدە کاتژمێر نیە؟ ئەوەی بە ڕۆژ بڕوات پێی هەڵناکەوێت چونکە ڕووناکی ئەم جیهانە دەبینێت. 10 بەڵام ئەوەی بە شەو بڕوات پێی هەڵ دەخڵیسکێت، چونکە ڕووناکی تێدا نیە». 11 پاشان پێی فەرموون: «ئیلعازاری دۆستمان نوستووە، بەڵام دەڕۆم تاکو خەبەری بکەمەوە». 12 قوتابییەکان گوتیان: «گەورەم، ئەگەر ئەو نوستووە، هەڵدەستێتەوە». 13 یەشوا باسی مردنی ئەوی کرد؛ بەڵام ئەوان وایانزانی باس لە نوستنی ئاسایی دەکات. 14 یەشوا بە ئاشکرا پێی فەرموون: «ئیلعازار مردووە. 15 لەبەر ئێوە دڵشادم کە لەوێ نەبووم، تاکو باوەڕ بهێنن. وەرن با بڕۆین بۆ لای!» 16 تۆما، کە بە دووانە بانگ دەکرا، بە قوتابییە هاوەڵەکانی گوت: «با ئێمەش لەگەڵ ئەودا بڕۆین تاکو (لەگەڵی بمرین). 17 کاتێک یەشوا گەیشتە بێت عەنیا، ئیلیعازار چوار ڕۆژ بوو نێژرابوو. 18 بێت‌ئەنیاش نزیکەی پازدە تیرهاوێژ (سێ کیلۆمەتر). لە یۆرشەلایم دوور بوو. 19 ژمارەیەکی زۆر لەو یەهوودییانەی هاتبوونە لای مارتا و میریام تاکو سەرەخۆشی براکەیان لێ بکەن. 20 مارتا کە بیستی یەشوا هاتووە، بەرەو پیری چوو، بەڵام میریام لە ماڵەوە مایەوە. 21 مارتا بە یەشوای گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد. 22 من دڵنیام هەرچی لە خودا داوا بکەیت پێتدەدات». 23 یەشوا پێی فەرموو: «براکەت هەڵدەستێتەوە». 24 مارتا پێی گوت: «دەزانم لە زیندووبوونەوەی ڕۆژی دواییدا هەڵدەستێندرێتەوە!» 25 یەشوا وەڵامی دایەوە: «منم هەستانەوە و ژیانەکە. ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەگەر بشمرێت زیندوو دەبێتەوە. 26 وە هەرکەسێک کە زیندووە و باوەڕم پێ بهێنێت، هەرگیز نامرێت. باوەڕ بەمە دەکەیت؟» 27 وەڵامی دایەوە: «بەڵێ گەورەم. باوەڕم هێناوە کە تۆ مەسیحەکەیت ڕۆڵەی خودای ئەوەی دێت بۆ جیهان!» 28 ئەوەی گوت، چوو میریامی خوشکی بانگکرد، و بە نهێنی پێی گوت: «مامۆستا لێرەیە، بانگت دەکات!» 29 میریام کە ئەمەی بیست خێرا هەستا، و هاتە لای یەشوا. 30 یەشوا هێشتا نەهاتبووە ناو گوندەکە، بەڵکو لەو شوێنە بوو کە مارتای لێ بینی. 31 ئەو یەهودییانەی، لە ماڵەوە لەگەڵی بوون و دڵنەواییان دەکرد، بینییان خێرا هەستا و چووە دەرەوە، شوێنی کەوتن، وایانزانی دەچێتە سەر گۆڕەکە تاکو لەوێ بگریت. 32 کاتێک میریام گەیشتە ئەو شوێنەی یەشوای لێبوو و ئەوی بینی، بەسەر پێیدا کەوت و پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر تۆ لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد!» 33 یەشوا کە بینی دەگری و ئەو یەهودیانەش کە لەگەڵی هاتبوون دەگرین، دڵی زۆر پربوو لە پەژارە، 34 پرسیاری کرد: «لەکوێتان داناوە؟» وەڵامیان دایەوە: «گەورەم، وەرە و ببینە!» 35 لەوکاتە یەشوا گریا. 36 یەهوودییەکان بە یەکتریان گوت: «سەیر بکەن، چەندی خۆشدەویست!» 37 بەڵام هەندێکیان گوتیان: «ئەمە کە چاوی نابیناکەی کردەوە ئایا نەیدەتوانی وای بکردایە ئەمیش نەمردایە؟» 38 دووبارە یەشوا لە دڵەوە توشی پەژارەبوو. لە گۆڕەکە نزیک کەوتەوە، کە ئەشکەوتێک بوو بەردێکی گەوەرەی سەرخرابوو. 39 فەرمووی: «بەردەکە لادەن!» مارتا پێی گوت: «پەروەردگار، ئەوە ڕۆژی چوارەمە، بۆگەنی کردووە» 40 یەشوا پێی فەرموو: «ئەی پێم نەگوتی: ئەگەر باوەڕ بکەیت شکۆمەندی خودا دەبینیت؟» 41 ئەوسا بەردەکەیان لابرد، یەشوا چاوی هەڵبڕی بۆ ئاسمان و فەرمووی: «باوکە، سوپاست دەکەم کە گوێت لێ گرتم، 42 دەمزانی کە تۆ هەمیشە گوێم لێ دەگریت. بەڵام لەبەر ئەو خەڵکەی لەم ناوە ڕاوەستاون ئەمەم گوت تاکو باوەڕ بکەن کە تۆ منت ناردووە». 43 کە ئەمەی فەرموو بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «ئیلعازار وەرە دەرەوە!» 44 ئەوسا مردووەکە هاتە دەرەوە، دەست و قاچی بە کفن بەسترابوو، ڕووشی بە دەسماڵێک پێچرابوو. یەشوا بەوانەی دەوری فەرموو: «بیکەنەوە، بهێڵن با بڕوات!» 45 زۆر لە و یەهوودییانەی کە بۆ دڵنەوایی هاتبونە لای میریام ئەمەیان بینی کە یەشوا کردی، باوەڕیان پێهێنا. 46 بەڵام هەندێکیان چوونە لای فەریسییەکان و ئەوەی یەشوا ئەنجامی دابوو پێیان ڕاگەیاندن. 47 سەرۆک کاهینان و ئەنجومەنی فەریسییەکان کۆبونەوە،و گوتیان: «چی بکەین؟ چونکە ئەم پیاوە پەرجووی زۆر دەکات. 48 ئەگەر بەم شێوەیە وازی لێبهێنین هەموو خەڵکەکە باوەڕی پێ دەهێنن، ڕۆمانییەکانیش دێن پەرستگای پیرۆزمان دەڕووخێنن و نەتەوەکەمان لەناو دەچێت!» 49 یەکێک لەوانە، بە ناوی کەیافا ئەو ساڵە سەرۆکی کاهینان بوو پێی گوتن: «ئێوە هیچ نازانن! 50 تێناگەن وا باشترە پیاوێک لە جیاتی گەل بمرێت لەوەی هەموو گەلەکەمان لەناوبچێت». 51 قیافا ئەوەی لە خۆیەوە نەگوت، بەڵکو لەو ساڵەدا سەرۆکی کاهینان بوو، پێشبینیی کرد کە یەشوا لە جیاتی گەل دەمرێت، 52 نەک تەنها لە جیاتی ئەو گەلە، بەڵکو تاکو ڕۆڵەکانی خودا کە پەرتەوازە بوون کۆیانبکاتەوە و بیانکات بەیەک. 53 لەوڕۆژەوە یەهوودییەکان بڕیاریاندا یەشوا بکوژن. 54 لەپاش ئەوە چیتر یەشوا بە ئاشکرا نەدەگەڕا، بەڵکو چوە شارێک ناوی ئەفرایم بوو، کە نزیک چۆڵەوانی بوو، لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ مایەوە. 55 ئەوکاتە جەژنی پەسخەی یەهوودییەکان نزیک ببۆوەو، زۆر کەس لەگوندەکانەوە هاتبوون بۆ یۆرشەلایم بۆ مەڕاسمی پاک بوونەوە لە پێش جەژن. 56 جا بە شوێن یەشوا دەگەڕان، کاتێک لە پەرستگا کۆببونەوە پرساریان لە یەکترکرد دەیان گوت: «ڕاتان چییە؟ ئایا بۆ جەژنەکە نایەت؟» 57 سەرۆک کاهینەکان و فەریسییەکان فەرمانێکیان دەرکردبوو کە هەرکەسێک یەشوا بدۆزێتەوە ئاگاداریان بکانەوە تاکو بیگرن.