بەشی ١

1 لە سەرەتادا، وشەکە هەبوو، وشەکە لەلای خودا بوو. وشەکە خۆی خودا بوو. 2 ئەو لە سەرەتاوە لەلای خودا بوو. 3 هەموو شتێک بەو بەدیهاتووە، بێ ئەوهیچ شتێک بەدینەهاتووە لەوانەی کە بەدیهاتوون. 4 ژیانەکە لە ئەودا بوو. ژیانەکەش ڕووناکی بوو بۆ مرۆڤ. 5 ڕووناکییەکە لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە، و تاریکی پەی بە ڕوناکییەکە نەبرد. 6 مرۆڤێک دەرکەوت خودا ناردبووی، ناوی یۆخەنان بوو، 7 هات شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات، تاکو هەمووان لە ڕێگەی ئەوەوە باوەڕ بهێنن. 8 ئەو ڕووناکییەکە نەبوو، بەڵکو بوو بە شایەت بۆ ڕووناکییەکە، 9 ئەو ڕووناکییە ڕاستیەکەیە ئەوەی هەموو مرۆڤەکان ڕووناک دەکاتەوە هاتووە بۆ جیهان. 10 ئەو لە جیهاندا بوو، بە ئەو جیهان بەدیهات، کەچی جیهان نەیناسی. 11 ئەو هات بۆ لای گەلەکەی بەڵام ئەوان وەریاننەگرت. 12 بەڵام ئەوانەی پێشوازییان لێکرد، ئەوانەی باوەڕیان بە ناوی هێنا، مافی ئەوەی پێدان ببنە ڕۆڵەی خودا، 13 ئەوانەی نە لە خوێن لە دایک بوون، نە بە ئارەزووی جەستە، نە بە ویستی مرۆڤ، بەڵکو لە خوداوەن. 14 وشەکە بوو بە جەستە، و لە نێوانماندا نیشتەجێ بوو، ئێمە شکۆمەندی ئەومان بینی، شکۆمەندیی تاقانەیەک لە لای باوک، پڕبوو لە بەخشش و ڕاستی. 15 یۆخەنان شایەتی بۆ داو هاواری کرد گوتی: «ئەمە ئەوەیە لەبارەیەوە گوتم: ئەوەی دوای من دێت پێشم کەوتووە، چونکە پێش من هەبووە». 16 لە پڕێتی ئەوەوە هەموومان بەخشش لەدوای بەخششمان وەرگرت، 17 چونکە تەورات لە ڕێگەی موشە درا، بەڵام بەخشش و ڕاستی لەیەشوای مەسیحەکەدا بوونی هەیە. 18 هیچ کەس خودای نەبینیوە. تەنها ڕۆڵە تاقانەکە، ئەوەی لە ئامێزی باوکدایە، ئەو خودای دەرخست. 19 ئەمەش شایەتییەکەی یۆخەنانە کاتێک ڕابەرانی یەهود لە یورشەلایم هەندێک کاهین و لێڤییان ناردە لای و پرسیاریان لێکرد: «تۆ کێیت؟» 20 ئەو دانی پێدانا و نکۆڵی نەکرد، بەڵکو بێ دوودڵی گوتی: «من مەسیحەکە نیم». 21 پرسیاریان لێکرد: «ئەی کێیت؟ ئایا تۆ ئیلیای؟» گوتی: «ئەو نیم!». «ئەی تۆ پێغەمبەرەکەی؟» گوتی: «نەخێر!» 22 گوتیان: «باشە تۆ کێیت، تاکو وەڵامی ئەوانە بدەینەوە کە ئێمەیان ناردووە؟ دەربارەی خۆت چی دەڵێی؟» 23 گوتی «من ئەو دەنگەم کە لە چۆڵەوانی هاوار دەکات: ڕێگا بۆ پەروەردگار ڕێک و ئامادە بکەن، وەک پێغەمبەر ئیشایا گوتبووی». 24 ئەوانەی لە‏لایەن فەریسییەکانەوە نێردرابوون، 25 جارێکی دیکە لێیان پرسی: «ئەگەر تۆ مەسیحەکە نیت، و ئیلیا نیت، و پێغەمبەرەکە نیت، کەواتە بۆچی خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشیت؟» 26 وەڵامی دانەوە: «من خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشم! بەڵام یەکێک لەنێوانتان دایە نایناسن، 27 ئەوەی لەدوای من هاتووە، من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بۆ بکەمەوە‌‌». 28 ئەمانە لە بێت‌ ئەنیا ڕوویاندا، لەوبەری ئەردەن، لەو شوێنەی یۆخەنان خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا. 29 بۆ ڕۆژی دواتر یۆخەنان یەشوای بینی بەرەو ڕووی دێت، هاواری کرد و گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا، ئەوەی گوناهەی جیهان لادەبات. 30 ئەمە ئەوە یە دەربارەی گوتم، پیاوێک دوای من دێت کە پێشم کەوتووە، چونکە پێش من هەبووە. 31 منیش نەمدەناسی بەڵام هاتووم لە ئاوی هەڵبکێشم بۆ ئەوەی ئەو بۆ یەسرائیل دەربکەوێت». 32 ئینجا یۆخەنان شایەتی دا و گوتی: «بینیم گیانەکە لە شێوەی کۆترێک لە ئاسمانەوە دابەزی و لەسەری جێگیر بوو. 33 منیش نەمدەناسی، بەڵام ئەوەی منی ناردووە خەڵک لە ئاوهەڵکێشم پێی گوتم: ئەوەی دەیبینن گیانەکە دێتە خوارەوە و لەسەری جێگیردەبێت ئەو لە گیانی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت. 34 خۆم بینیم و شایەتی دەدەم ئەوە، ڕۆڵەی خودایە». 35 بۆ ڕۆژی دواتر یۆخەنان لەگەڵ دووان لە قوتابییەکانی ڕاوەستا بوو، 36 سەیری یەشوای دەکرد کە دەڕۆیشت و گوتی: «ئەوە بەرخی خودایە». 37 کاتێک دوو قوتابییەکە گوێیان لەوە بوو شوێن یەشوا کەوتن. 38 یەشوا ئاوڕی دایەوە و بینی بە شوێنیدا دێن، پرسیاری لێکردن: «چیتان دەوێت؟» گوتیان: «ڕابی، لەکوێ دەمێنیتەوە؟» ڕابی، واتا مامۆستا. 39 وەڵامی دانەوە: «وەرن، تەماشا بکەن». ئەوانیش لەگەڵی ڕۆیشتن و بینییان لەکوێ دەمێنێتەوە، ئەو ڕۆژە لەگەڵی مانەوە؛ نزیکەی کاتژمێر چواری پاش نیوەڕۆ بوو. 40 ئەندریا برای شیمۆن پەترۆ، یەکێک بوو لەو دووانەی کە گوێیان لە یۆخەنان بوو و شوێن یەشوا کەوتن، 41 کە ئەندریا شیمۆنی برای دۆزییەوە و پێی گوت: «مەسیحەکەمان دۆزییەوە» واتا دەستنیشانکراوەکە. 42 ئینجا شیمۆنی هێنایە لای یەشوا. جا یەشوا بەوردی لێی ڕوانی و فەرمووی: «تۆ شیمۆنی کوڕی یۆنای، بەڵام بە کێفا بانگت دەکەم» واتا تاشەبەرد. 43 بۆ ڕۆژی دواتر یەشوا ویستی بچێتە گەلیلی، فیلیپۆسی دۆزییەوە، پێی فەرموو: «شوێنم بکەوە!» 44 فیلیپۆس خەڵکی بێت‌ سیدۆن بوو، شارەکەی ئەندریا و پەترۆ. 45 فیلیپۆسیش نەتەنائیلی دۆزییەوە، پێی گوت: «ئەوەی موشە لە تەورات و پێغەمبەرانیش لە پەڕتووکەکانیان لەسەریان نووسیوە دۆزیمانەوە، یەشوای کوڕی یۆسپە خەڵکی ناسیرەیە». 46 نەتەنائیل پێی گوت: «ئایا لە ناسیرە شتی چاک هەڵدەکەوێ؟» فیلیپۆس پێی گوت: «وەرە ببینە!» 47 یەشوا نەتانەئیلی بینی بۆ لای دێت: دەربارەی فەرمووی: «ئەوەیە یەسرائیلی ڕەسەن، هیچ گومانی تێدانیە!» 48 نەتەنائیل پرسیاری لێکرد: «چۆن دەمناسیت؟» یەشوا وەڵامی دایەوە: «پێش ئەوەی فیلیپۆس بانگت بکات، تۆم لەژێر دار هەنجیرەکەدا بینی». 49 نەتەنائیل هاواری کرد و گوتی: «ڕابی، تۆ ڕۆڵەی خودایت! تو پاشاکەی یەسرائیلیت!» 50 یەشوا پێی فەرموو: «باوەڕت هێنا چونکە پێم گوتیت لەژێر دار هەنجیرەکە تۆم بینی؟ شتی گەورەتر دەبینیت!» 51 پاشان پێی فەرموو: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: دەبینن ئاسمان کراوەتەوە، و فریشتەی خودا لەسەر ڕۆڵەی مرۆڤ سەردەکەون و دادەبەزن!»